Accessibility links

ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان سزای نوێی توندتر بەسەر کۆریای باکووردا دەسەپێنێت


ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆمەڵێک سزای نوێی توندتری سەپاند بەسەر کۆریای باکووردا وەکوو وەڵامدانەوەیەک بۆ تاقیکردنەوە ناوەکییەکەی کۆریای باکوور.

باڵیۆزی ئەمەریکا نیکی هەیڵی ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە بە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی وت " ئەمڕۆ ئێمە دەڵێین ئێمە هەرگیز قبوڵی ناکەین کۆریای باکوور چەکی ناوەکی هەبێت، وە ئەمڕۆ ئەنجومەنی ئاسایش دەڵێت ئەگەر ڕژێمەکەی کۆریای باکوور بەرنامە ناوەکییەکەی نەوەستێنێت ئەوا ئێمە خۆمان کار دەکەین بۆ وەستاندنی."

هەیڵی وتی سزاکان تواناکانی کۆریای باکوور بۆ خەرجی بەرنامە ناوەکیی و موشەکییەکەی دەبڕن.

ئەگەر بەتەواوەتی جێبەجێ بکرێت ئەوا سزاکان سێیەکی هاوردەی نەوتی کۆریای باکوور دەبڕێت، کە هەیڵی وەکوو "خوێنی ژیان"ی هەوڵەکانی کۆریای باکوور ناودێری دەکات بۆ دروستکردنی چەکی ناوەکیی.

هەروەها سزاکان زیاتر لە نیوەی گاز و دیزڵ و هاوردەی نەوتی وڵاتەکە کەم دەکاتەوە لەکاتێکدا بەتەواوەتی هەناردەی گازی سروشتی قەدەغە دەکات.

هەیڵی وتی " ئێمە ئەمڕۆ خۆشی لەوەدا نابینین کە سزاکانمان زیاتر توند کردۆتەوە، ئێمە بۆ جەنگ ناگەڕێین، ڕژێمی کۆریای باکوور هێشتا ئەو خاڵەی تێنەپەڕاندووە کە گەڕانەوەی نەبێت. ئەگەر ڕازی ببێت بەرنامە ناوەکییەکەی بوەستێنێت، ئەوا دەتوانێت داهاتوویی بەدەست بهێنێتەوە. ئەگەر بیسەلمێنێت دەتوانێت لە ئاشتیدا بژی ئەوا هەموو جیهان بە ئاشتی لەگەڵیدا دەژی."

: کاتێک کە سزا نوێیە بەهێزانە و ئەوانەی مانگی ڕابردوو سەپێنران بەسەر کۆریای باکووردا، لە سەدا 90 ی هەناردەکانی کۆریای باکوور قەدەغە کراون."

هەیڵی ئاماژەی بە سزاکانی پێنجی مانگی هەشتدا کە هەناردەکانی خەڵووز و ئاسن و قورقوشم و خۆراکی دەریایی وڵاتەکەی کردبووە ئامانج. ئەوانەش زیانی یەک بلیۆن دۆلار دەگەیەنێت بە کۆریای باکوور و ساڵانە ئابووری وڵاتەکە لە هەناردەکردندا سێ بلیۆن دۆلارە. ئەم سزا نوێیانەش زیانێکی زۆر زیاتر دەگەیەنێت بە ئابووری وڵاتی کۆریای باکوور.

هەردوو حکومەتی ڕوسیا و چینیش پشتیوانیان لە سەپاندنی سزا نوێیەکان کرد بەڵام جەختیان لەوە کردەوە کە دەیانەوێت ببینن بگەڕێنەوە بۆ گفتوگۆکردن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە.

باڵیۆزی ژاپۆنیش دوای دەنگدانەکە بە ڕۆژنامەنووسانی وت " پێم وایە ئێمە هەموومان یەکگرتووین لەوەدا کە هیچ لایەنێک ناگەڕێت بەدوای چارەسەری سەربازییدا، ئەم سزایانەش بۆ ئەوەیە تاوەکوو بگەینە چارەسەرێكی ئاشتیانە بۆ کێشەکە."

نوێنەری کۆریای باشووریش جۆ تای وتی "سزاکان تەنها بژاردەن بۆ ئەوەی پیۆنگیانگ بگەڕێنینەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆکردن، ئامانجی ئێمە ئەوە نیە کۆریای باکوور بخەینە سەر ئەژنۆ، بەڵکو بۆ بەدەستهێنانی چارەسەرێکی ئاشتیانەیە بۆ بابەتی چەکی ناوەکیی کۆریای باکوور."

سەرچاوە/ VOA

XS
SM
MD
LG