Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە واشنتن دەکات ناساندنی حوسییەکان یەمەن وەکو ڕێکخراوێکی تیرۆریستی هەڵبوەشێنێتەوە


بەرپرسانی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان لەبەردەم ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا جەختیان لەوە کردەوە دەبێت ئەمەریکا " بڕیاری ناساندنی حوسییەکانی یەمەن وەکو ڕێکخراوێکی تیرۆریستی هەڵبوەشێنێتەوە." ئەمەش لە ترسی ئەوەی یەمەن ڕووبەڕووی خراپترین برسێتی ببێتەوە.

یاریدەدەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی مارک لوکۆک وتی " چی ڕێگە لە برسێتی دەگرێت؟ پاشگەزبوونەوە لەو بڕیارە." بڕیارەکەی ئەمەریکا لە 19 ی مانگی یەکدا دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئاماژەشی بەوەدا ئەوەی کە واشنتن بەڵێنیداوە ڕێگە بە گەیشتنی هەندێک لە یارمەتیە مرۆییەکانی ڕێکخراوە ناحکومییەکان بدات، لە مەترسی کەوتنەوەی برسێتیەکی بەرفراوان کەم ناکاتەوە.

لەلای خۆیەوە سعودیە پێشوازی لە بڕیارەکەی ئەمەریکا کرد بۆ ناساندنی حوسییەکانی یەمەن وەکو ڕێکخراوێکی تیرۆریستی.

لە بەرامبەریشدا یەکێتی ئەوروپا و ڕێکخراوە ناحکومییەکان ڕەخنەیان لە بڕیارەکە گرت، هەروەها نوێنەرانی دیموکراتەکانی ئەمەریکاش داوایان لە سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا جۆو بایدن کردووە کاتێک دەسەڵات دەگرێتە دەست ئەو بڕیارە هەڵبوەشێنێتەوە.

هەر لەبەردەم ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یەمەن مارتن گریفیث وتی " بەدڵنیاییەوە پشتیوانی لە هەڵوێستی لوکۆک دەکەم و بڕیارەکە دەبێتە هۆی کەوتنەوەی برسێتی لە یەمەن و دەبێت بەهۆی هۆکاری مرۆییەوە بەزووترین کات هەڵبوەشێتەوە."

گریفیث کە بەشێوەیەکی ڕێکخراو لە پەیوەندیدایە لەگەڵ حوسییەکاندا وتی " لەوە دەترسین بڕیارەکەی ئەمەریکا ببێتە هۆی هەڵوەشاندنەوە و کۆسپ خستنەبەردەم هەوڵەکانمان بۆ لەیەک نزیککردنەوەی لایەنەکانی یەمەن."

لەلای خۆیەوە ئەمەریکا لە زاری یاریدەدەری نوێنەرەکەی ڕیچارد میڵزەوە ئاماژەی بەوەدا ئەمەریکا گەورەترین بەخشەری یارمەتیە مرۆییەکانە، هەروەها وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکاش ڕایگەیاند لە 19 ی مانگی یەکدا هەندێک ڕێوشوێن دەگیرێتەبەر بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی بڕیارەکە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG