Accessibility links

زێلێنسکی بۆ ڕۆژئاوا: چیتر یاری لەگەڵ ڕووسیادا مەکەن و کۆتایی بە جەنگەکە بهێنن


سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی داوای لە ڕۆژئاوا کرد چیتر یاری لەگەڵ ڕووسیادا نەکەن و سزای توندتر بسەپێنن بەسەر ڕووسیادا تاوەکو کۆتایی بە " جەنگە بێماناکەی " بهێنێت لە ئۆکرانیا، وتیشی وڵاتەکەی بە سەربەخۆیی دەمێنێتەوە بەڵام تەنها پرسیار ئەوەیە بە چ نرخێک.

ڕەخنەکانی زێلێنسکی لە ڕۆژئاوا لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا زیاتر بوون لە کاتێکدا یەکێتی ئەوروپا بەهێواشی دەجوڵێت بەرەو قەدەغەکردنی هاوردەکردنی نەوتی ڕووسیا و لە هەمان کاتیشدا هەزاران سەربازی ڕووسی هەوڵ دەدەن گەمارۆی شارەکانی سیێڤیێرۆدۆنێتسک و لیسیچانسک بدەن لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا.

دوای سێ مانگ لە داگیرکارییەکەی، ڕووسیا دەستبەرداری هەوڵەکانی بوو بۆ گرتنی کیێڤ و لە ئێستادا هەوڵ دەدات کۆنتڕۆڵی تەواوی هەرێمی دۆنباسی پیشەسازی بکات لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا.

زێلێنسکی گوتی " ئۆکرانیا هەمیشە وەکو دەوڵەتێکی سەربەخۆ دەمێنێتەوە و ناشکێندرێت. تەنها پرسیار ئەوەیە ئایا گەلەکەمان دەبێت چی نرخێک بدەن بۆ ئازادییان، هەروەها ئایا ڕووسیا دەبێت چی باجێک بدات لەسەر ئەم جەنگە بێمانایەی دژی ئێمە."

گوتی " ڕووداوە کارەساتاوییەکان دەکرێت ڕابگیرێن ئەگەر جیهان بەشێوەیەک مامەڵەی لەگەڵ ڕەوشەکە بکردایە وەکو ئەوەی خۆیان ڕووبەڕووی بوونەتەوە، ئەگەر زلهێزەکانی جیهان یارییان نەکردایە لەگەڵ ڕووسیادا و بەڕاستی فشارییان بکردایە بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکە."

زێلێنسکی گلەیی کرد لە ناکۆکییەکانی ناوخۆی یەکێتی ئەوروپا سەبارەت بە سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر ڕووسیادا و گوتی بۆچی هەندێک وڵات ڕێگەیان پێدەدرێت نەهێڵن سزای زیاتر بەسەر ڕووسیادا بسەپێندرێت.

یەکێتی ئەوروپا تاوتوێی پێشنیارێک دەکات بۆ سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر ڕووسیادا، بە قەدەغەکردنی هاوردەکردنی نەوتی ڕووسیاشەوە. پەسەندکردنی پێشنیارەکە پێویستی بەوەیە سەرجەم وڵاتانی ئەندام لە یەکێتییەکە پشتیوانی بکەن، بەڵام هەنگاریا دژایەتی پێشنیارەکە دەکات و دەڵێت ئەگەر نەوتی ڕووسیا قەدەغە بکرێت ئەوا ئابووریی وڵاتەکە دەناڵێنێت.

زێلێنسکی گوتی ڕووسیا ڕۆژانە یەک ملیار دۆلار یۆرۆی لە یەکێتی ئەوروپاوە دەست دەکەوێت بەرامبەر ئەو وزەیەی ڕەوانەی یەکێتییەکەی دەکات.

گوتی " چەند هەفتەی دیکە یەکێتی ئەوروپا لەسەر سزاکان ڕێکدەکەون؟"

گوتی " فشار خستنەسەر ڕووسیا مانای ڕزگارکردنی ژیانی خەڵکەکەیە. هەر ڕۆژێک بە دواخستن و بێهێزی و ناکۆکی جیاوازەوە بەسەربەرن خەڵکی ئۆکرانی زیاتر دەکوژرێن."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG