Accessibility links

ئۆکرانیا بەڵێن دەدات هێزەکانی ڕووسیا لە وڵاتەکە دەربکات


ڕۆژی سێشەممە ئۆکرانیا یارمەتییەکانی بەسەر دانیشتوانی شارۆچکەیەکدا دابەش کرد کە بەهۆی جەنگەوە کاولکراوە، ئەوەش دوای ئەوەی سوپای ئۆکرانیا هێزەکانی ڕووسیایان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە دەرکرد و بەڵێنیاندا سەرانسەری ناوچەکانیان لە وڵاتەکەدا بگرنەوە، هاوکات ئۆکرانیا داواشی لە ڕۆژئاوا کردووە ڕەوانەکردنی چەکەکانیان بۆ ئۆکرانیا خێراتر بکەن.

دوای ئەوەی ڕووسیا دەستبەرداری شوێنە سەرەکییەکانی بوو لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا، هێزەکانی ئۆکرانیا دەیان شارۆچکەیان گرتۆتەوە.

لە ئەمەریکاش کۆشکی سپی دەڵێت ئەمەریکا ڕەنگە " لە چەند ڕۆژی دواتردا " کۆمەڵێک یارمەتی سەربازیی دیکە بۆ ئۆکرانیا ڕابگەیەنێت.

جێگری وەزیری بەرگری ئۆکرانیا هانا مالیار لە گۆڕەپانی ناوەڕاستی شاری بالاکلیا کە ناوچەیەکی سەرەکی بوو بۆ دابینکردنی پێویستییە سەربازییەکانی ڕووسیا و لەلایەن هێزەکانی ئۆکرانیاوە کۆنتڕۆڵ کرایەوە، وتی 150,000 کەس لە ناوچەکەدا لەژێر فەرمانڕەوایی ڕووسیادا ڕزگارکراون.

ئاڵاکانی ئۆکرانیا بەرز کرانەوە و ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکەکە کۆببوونەوە بۆ وەرگرتنی یارمەتی مرۆیی.

شەڕ و پێکدادانەکان لە ناوچەکانی دیکەی هەرێمی خارکیڤی باکووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا بەردەوامە، مالیار لە ماوەی ڕابردوودا بە ڕۆیتەرزی وت هێزەکانی ئۆکرانیا پێشڕەوییەکی باشییان کردووە چونکە ئیرادەیان بەهێز بووە و بە باشی پلانییان بۆ ئۆپەراسیۆنەکانیان داناوە.

مالیار گوتی " ئامانجەکە ئەوەیە سەرانسەری خارکیڤ و ناوچەکانی دیکەش کۆنتڕۆڵ بکرێنەوە، سەرجەم ئەو ناوچانەی کە لەلایەن فیدراسیۆنی ڕووسیاوە داگیرکراون."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG