Accessibility links

ئۆکرانیا داوا لە دانیشتوانی هەرێمی خێرسۆنی داگیرکراو دەکات هەرێمەکە جێبهێڵن


سەربازێکی ڕووسی لە خێرسۆن، ئۆکرانیا
سەربازێکی ڕووسی لە خێرسۆن، ئۆکرانیا

جێگری سەرۆک وەزیری ئۆکرانیا داوای لە دانیشتوانی هەرێمی خێرسۆنی داگیرکراوی ئۆکرانیا کرد بەپەلە هەرێمەکە چۆڵ بکەن، لەکاتێکدا کە هێزەکانی ئۆکرانیا پلانی ئەنجامدانی هێرشێکی پێچەوانەیان بۆ سەر هەرێمەکە داڕشتووە. هەرێمی خێرسۆن دەکەوێتە باشووری ئۆکرانیاوە.

لە سەرەتای داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا، کیێڤ زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی خێرسۆنی سەر دەریای ڕەشی لە دەستدا، بە پایتەختەکەشییەوە.

جێگری سەرۆک وەزیری ئۆکرانیا ئایرینا ڤێریشچوک گوتی " ئاشکرایە کە شەڕ دەبێت، بۆردومانکردن دەبێت، لەبەر ئەوە داوا لە خەڵکەکە دەکەین بەپەلە چۆڵی بکەن."

گوتیشی ناتوانێت باس لەوە بکات هێرشە پێچەوانەکە بۆ سەر خێرسۆن بەدیاریکراوی کەی ڕوودەدات.

گوتی " بە دڵنیاییەوە دەزانم کە نابێت ئافرەتان و منداڵان لەوێ بن، ناشبێت ببن بە قەڵغانی مرۆیی."

بەرپرسانی ڕووسیا لە خێرسۆن دەڵێن دەیانەوێت ڕیفراندۆمێک لە خێرسۆن ئەنجام بدەن تاوەکو هەرێمەکە بخرێتەسەر ڕووسیا، بەڵام تاوەکو ئێستا بەروارێکیان دیارینەکردووە. کرێملن دەڵێت داهاتووی هەرێمەکە دەبێت لەلایەن دانیشتوانەکەیەوە بڕیاری لەسەر بدرێت.

هەرێمی خێرسۆن کە شاری خێرسۆنیشی تێدایە، پێش جەنگەکە نزیکەی 300,000 دانیشتووی هەبووە. نازانرێت کە ئایا چەندێک لە دانیشتوانەکەی هێشتا لەوێ ماونەتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG