Accessibility links

ئۆکرانیا دەڵێت ڕووسیا دەیەوێت وڵاتەکە دابەش بکات


سەرۆکی هەواڵگری ئۆکرانیا وتی ڕووسیا دەیەوێت ئۆکرانیا بکات بە دوو بەشەوە، وەکو چۆن کۆریا دابەشکرا بەسەر باشوور و باکووردا، هەروەها بەڵێنیشیدا ڕێگە نەدات وڵاتەکە دابەش بکرێت.

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی داوای لە ڕۆژئاوا کردووە تانک و فڕۆکە و موشەک بدەن بە ئۆکرانیا تاوەکو بتوانن هێزەکانی ڕووسیا دووربخەنەوە.

دوای زیاتر لە چوار هەفتە لە دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا، ڕووسیا نەیتوانیوە هیچ شارێکی گەورەی ئۆکرانیا بگرێت، ڕۆژی هەینیش ئاماژەی بەوەدا هەوڵ دەدات سەنگ بخاتە سەر هەرێمی دۆنباس لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا، کە لەوێ جیاخوازەکانی ئۆکرانیا کە لەلایەن ڕووسیاوە پشتیوانییان لێدەکرێت ماوەی هەشت ساڵە دژی هێزەکانی حکومەتی ئۆکرانیا دەجەنگن.

ڕۆژی یەکشەممە ڕابەرێکی هەرێمی لوهانسک کە ڕووسیا وەکو کۆمارێکی سەربەخۆ ناساندوویەتی، ئاماژەی بەوەدا بەمزووانە هەرێمەکە ڕیفراندۆمێک ئەنجام دەدات سەبارەت بە چوونەپاڵ ڕووسیا.

لە ساڵی 2014 دا دوای ئەوەی ڕووسیا دەستیگرت بەسەر نیمچە دورگەی کرایمییەی ئۆکرانیادا، بە هەمان شێوە ڕیفراندۆمێک لە نیمچە دورگەکە بەڕێوەچوو.

هاوڵاتیانی نیمچە دورگەی کرایمییە بەزۆرینەی دەنگ پشتیوانییان لە چوونە پاڵ ڕووسیا و جیابوونەوە کرد لە ئۆکرانیا، زۆرینەی وڵاتانی جیهانیش دانیان نەنا بە ڕیفراندۆمەکەدا.

سەرۆکی هەواڵگری سەربازیی ئۆکرانیا کیریلۆ بودانۆڤ وتی " لەڕاستیدا ئەمە هەوڵێکە بۆ دروستکردنی کۆریای باکوور و باشوور لە ئۆکرانیا." ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ دابەشبوونی کۆریا لەدوای جەنگی جیهانی دووەمەوە.

وتیشی پێشبینی ئەوە دەکەم سوپای ئۆکرانیا بەرپەرچی هێزەکانی ڕووسیا بداتەوە.

وتی " لەگەڵ ئەوەشدا، وەرزی گەریلاکانی ئۆکرانیا بەمزووانە دەست پێدەکات. ئەو کاتە یەنها یەک سیناریۆ بۆ ڕووسییەکان دەمێنێتەوە : چۆن ڕزگارییان ببێت."

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئۆکرانیا ئۆلیگ نیکۆلێنکۆ لێدوانەکانی سەبارەت بە ڕیفراندۆم لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا ڕەت کردەوە و وتی " سەرجەم ڕیفراندۆمە ساختەکان لەو ناوچانەی کە بۆ ماوەیەکی کاتی داگیرکراون پوچ و بەتاڵن و هیچ ڕەوایەتییەکی یاساییان نیە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG