Accessibility links

ئۆکرانیا دەڵێت دووبارە ئاڵاکەی لە دوورگەی سنەیک هەڵکردۆتەوە


دوورگەی سنەیک
دوورگەی سنەیک

سوپای ئۆکرانیا دەڵێت ئاڵای ئۆکرانیا دووبارە لە دوورگەی سنەیکی دەریای ڕەش هەڵکراوەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی هێزەکانی ڕووسیا هەفتەی ڕابردوو لەو شوێنە ستراتیژییە کشانەوە.

وتەبێژی سەرکردایەتی سەربازیی باشووری ئۆکرانیا ناتالیا هومینیوک لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی " ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان تەواو بوون، دوورگەی سنەیک گەڕێندراوەتەوە ژێر دەسەڵاتی دادوەری ئۆکرانیا."

هەندێک لە شیکەرەوەکان دەڵێن کشانەوەی ڕووسیا لە دوورگەی سنەیک ڕەنگە ببێتە هۆی سووککردنی گەمارۆکەی سەر بەندەرەکانی ئۆکرانیا لە دەریای ڕەشدا.

بەڵام دیبلۆماتکارێکی سیاسەتی دەرەوەی کیێڤ بە ڕۆیتەرزی وت ئەوە هێشتا بەس نیە بۆ ڕێگەدان بە گواستنەوەی گەنمی ئۆکرانیا بەشێوەیەکی پارێزراو.

دیبلۆماتکارەکە وتی ڕووسیا هێشتا توانای سەربازیی لە دەریا و کەناراوەکاندا هەیە و لە ئاسمانیشدا باڵادەستە. وتیشی بۆ دووبارە کردنەوەی بەندەرەکان تاوەکو بارە گەنمەکانی ئۆکرانیا بگوازرێنەوە، ئۆکرانیا پێویستی بە پشتیوانی هاوپەیمانان دەبێت، هەروەها پێویستی بەوەش دەبێت تورکیا ڕۆڵێکی سەرەکی لەوبارەیەوە ببینێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG