Accessibility links

3 ملیۆن کەس لە ئۆکرانیا هەڵهاتوون


نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت دوای نزیکەی سێ هەفتە لە جەنگی ئۆکرانیا، ژمارەی ئەو هاوڵاتیانەی ئۆکرانیا کە بەهۆی جەنگەوە وڵاتی خۆیان جێدەهێڵن 3 ملیۆنی تێپەڕاند، ئەمە لەکاتێکدا کە خەڵکەکە لەدەست بۆردومانەکانی ڕووسیا هەڵدێن.

ڕێکخراوی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان وتی تاوەکو ئێستا نزیکەی 3,000,381 کەس ئۆکرانیایان جێهێشتووە. یارمەتییە مرۆییەکانی بۆ 4 ملیۆن پەنابەر ئامادەکردووە، بەڵام وتی پێشبینی دەکەن ژمارەکە زیاتر ببێت.

دوابەدوای هێرشە ئاسمانییەکەی ڕووسیا لە ڕۆژی یەکشەممەدا بۆ سەر بنکە سەربازییەکەی یاڤۆریڤ لەنزیک لڤیڤ، هەندێک لە هاوڵاتیانی ڕۆژئاوای ئۆکرانیا ناوچەکانیان جێهێشت و بەرەو ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا هەڵهاتن.

ژانای تەمەن 40 ساڵ کە خەڵکی خارکیڤە و تەمەنی 40 ساڵە و بەرەو پۆڵەندا دەڕۆیشت وتی " هەمووان پێیان وابوو ڕۆژئاوای ئۆکرانیا پارێزراوە، تاوەکو ئەو کاتەی دەستیان کرد بە بۆردومانکردنی لڤیڤ. "

وتی " خارکیڤمان جێهێشت بەرەو کیرۆڤۆهراد ڕۆیشتین. ویستمان لەوێ بمێنینەوە. نەمان دەویست بچینە دەرەوەی وڵات."

وتی " دواتر ڕووسەکان دەستیان کرد بە بۆردومانکردنی کیرۆڤۆهراد، دەستیان کرد بە بۆردومانکردنی لڤیڤ و ئێستا قورسە بە منداڵێکی بچووکەوە خۆت لە بۆمبەکان بەدووربگریت." ئاماژەی بەوەدا هاوسەرەکەی لە ئۆکرانیا ماوەتەوە.

جێی ئاماژەیە زۆرینەی پەنابەرانی ئۆکرانیا لەو وڵاتانەن کە سنوورییان بە سنووری ئۆکرانیاوە هەیە، لەوانەش پۆڵەندا و سلۆڤاکیا و هەنگاریا و ڕۆمانیا و ماڵدۆڤا، زیاتر لە نیوەیان یاخود 1.8 ملیۆن کەسیان لە پۆڵەندان.

ڕێکخراوی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان وتی لە ئێستادا ژمارەیەکی زۆر لە پەنابەران بەرەو ڕۆژئاوای ئەوروپا دەڕۆن، تاوەکو ئێستا 300,000 کەس گەیشتوونەتە ڕۆژئاوای ئەوروپا.

بەرپرسی باڵای کاروباری کۆچبەرانی یەکێتی ئەوروپا یەڵڤا یۆهانسن لە بڕۆکسل وتی " ئەگەر بەڕاستی باشترینی خۆمان پیشان بدەین لە دەربڕینی هاوسۆزیماندا، ئەوا دەتوانین بەسەر ئەم کێشەیەدا زاڵ ببین."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG