ئۆکرانیا ڕۆژی شەممە بەدووریزانی لەگەڵ ڕووسیادا بگەن بە ڕێکەوتنێکی ئاگربەست و وتی کیێڤ هیچ ڕێکەوتنێک لەگەڵ ڕووسیا پەسەند ناکات کە بەدەستەوەدانی خاکی تێدابێت.
ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی ئۆکرانیا میخایلۆ پۆدۆلیاک وتی سازدان لەگەڵ ڕووسیا ئەنجامی پێچەوانەی بۆ ئۆکرانیا دەبێت چونکە ڕووسیا دوای هەر ئاگربەستێک زۆر خراپتر هێرش دەکاتەوە.
پۆدۆلیاک لە چاوپێکەوتنێکدا بە ڕۆیتەرزی وت " جەنگەکە دوای هەر سازدانێک ناوەستێت. تەنها بۆ ماوەیەکی کاتی ڕادەگیرێت."
وتیشی " دوای ماوەیەک، لە هەوڵێکی نوێدا، ڕووسیا چەک و هێزە سەربازییەکانی زیاتر دەکات و کار لەسەر هەڵەکانیان دەکەن، تۆزێک خۆیان نوێ دەکەنەوە و زۆرێک لە جەنەڕاڵەکان دەردەکەن و دەستدەکەنەوە بە هێرشێکی نوێ، هێرشێکی زۆر خوێناوتر و بەرفراوانتر."
پۆدۆلیاک " داوا نامۆکانی " ڕۆژئاوای ڕەت کردەوە بۆ ئاگربەستێکی بەپەلە کە تیایدا هێزەکانی ڕووسیا لەو ناوچانەدا بمێننەوە کە لە باشووری و ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا داگیرییان کردوون.
وتی " هێزەکانی ڕووسیا دەبێت وڵاتەکە جێبهێڵن ئینجا دەشێت پڕۆسەی ئاشتی دەستپێبکاتەوە."
ڕووسیا و ئۆکرانیا دەڵێن گفتوگۆکان چەقییان بەستووە و هەردوولاش یەکتری تۆمەتبار دەکەن لەسەر چەق بەستوویی گفتوگۆکان.
لە سەرەتای داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا هەزاران کەس کوژراون و ملیۆنان هاوڵاتی مەدەنی ئۆکرانیا ئاوارە بوون، شار و شارۆچکەکانی ئۆکرانیا کاولکراون.
پۆدۆلیاک وتی ئاگربەست لە بەرژەوەندی کرێملن دەبێت.
وتی " دەیانەوێت جۆرێک لە سەرکەوتنە سەربازییەکەیان قفڵ بکەن. بێگومان بە یارمەتی هاوبەشەکانمانەوە لە ڕۆژئاوا ڕووسیا هیچ سەرکەوتنێکی سەربازیی بەدەست ناهێنێت."
وتیشی " زۆر باش دەبێت ئەگەر ئەوروپا و ئەمەریکا تاوەکو کۆتایی لەوە تێبگەن کە نابێت ڕووسیا لە نیوەی ڕێگەکە بەجێبهێڵدرێت چونکە پەرە بە میزاجێکی تۆڵەسەندنەوە و دڕندانەتر دەدەن، دەبێت شکست بهێنن، شکستێکی بە ئازار بچێژن، تاوەکو بکرێت بە ئازارتر بێت."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز