Accessibility links

مۆسکۆ دەڵێت ڕێگە بە هاوڵاتیانی مەدەنی ئۆکرانیا دەدات بەرەو ڕووسیا هەڵبێن


بەرپرسانی ئۆکرانیا دەڵێن ڕۆژی دووشەممە هێرشە ئاسمانییەکانی ڕووسیا کارگەیەکی نانییان کردۆتە ئامانج لەکاتێکدا نوێنەرانی دوو وڵاتەکە جارێکی دیکە کۆبوونەوە، ئەمەش دوای ئەوەی خولەکانی پێشووی گفتوگۆکان هیچ ئەنجامێکی ئەوتۆیان نەبووە.

دەزگای فریاکەوتنی خێرای شارۆچکەی ماکاریڤ لە هەرێمی کیێڤ وتی لانی کەم 13 لاشەی هاوڵاتیانی مەدەنی لەنێو پاشماوەکانی کارگەکەدا لە شارۆچکەکە دۆزراونەتەوە. باوەڕ وایە لەکاتی هێرشەکەدا 30 کەس لە کارگەکەدا بووبێتن، پێنج کەسیان ڕزگارکراون. هێشتا ڕۆیتەرز نەیتوانیوە هەواڵی ئەو هێرشە پشتڕاست بکاتەوە.

لە ماوەی ڕابردوودا ڕووسیا ڕێڕەوی مرۆیی لە ئۆکرانیا کردەوە تاوەکو هاوڵاتیانی مەدەنی بتوانن لە وڵاتەکە هەڵبێن، ئەوەش دوای ئەوەی هەوڵەکانی ئاگربەست لە کۆتایی هەفتەدا شکستیان هێنا. لە شاری ماریوپۆڵی سەر دەریای ڕەش کە لە ئێستادا گەمارۆ دراوە، سەدان هەزاران کەس بەبێ خۆراک و ئاو و لەژێر بۆردومانەکاندا گیرییان خواردووە.

نوێنەرێکی ئۆکرانیا لە گفتوگۆکانیاندا لەگەڵ بەرپرسانی ڕووسیا، داوای لە ڕووسیا کرد هێرشەکانی بۆ سەر ئۆکرانیا ڕابگرن، نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت بەهۆی ئەو هێرشانەی ڕووسیاوە 1.7 ملیۆن هاوڵاتی ئۆکرانی بەرەو ناوەڕاستی ئەوروپا هەڵهاتوون.

بەپێی ئەو نەخشەیەی کە دەزگای هەواڵی RIA ڕووسی بڵاویکردۆتەوە، ئەو ڕێڕەوە مرۆییەی کە لە کیێڤ دەکرێتەوە دەچێتەوە سەر بێلاڕووس، هەروەها هاوڵاتیانی مەدەنی لە شاری خارکیڤ تەنها یەک ڕێڕەوییان دەبێت کە دەچێتەوە سەر ڕووسیا. ڕێڕەوەکانی ماریوپۆڵ و سومی دەچنەوە سەر شارەکانی دیکەی ئۆکرانیا و ڕووسیا.

وتەبێژێکی سەرۆکی ئۆکرانیا وتی " پێشنیارەکەی ڕووسیا بۆ ڕێڕەوە مرۆییەکان بەتەواوەتی بێ ڕەوشتین."

وتی " ئەوانە هاوڵاتی ئۆکرانین، دەبێت مافی ئەوەیان هەبێت بگوازنەوە بۆ ناوچەیەکی دیکەی سەر خاکی ئۆکرانیا."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG