Accessibility links

ئۆکرانیا: بەهۆی هێرشە موشەکییەکانی ڕووسیاوە بۆ سەر کیێڤ کەسێک گیانی لەدەستداوە و 6 کەسی دیکە برینداربوون


بەرپرسانی ئۆکرانیا دەڵێن ڕۆژی یەکشەممە ڕووسیا هێرشێکی موشەکی کردۆتەسەر بینایەکی نیشتەجێبوون و دایەنگەیەک لە ناوەڕاستی کیێڤی پایتەختدا، لانیکەم کەسێک گیانی لەدەستداوە و شەش کەسی دیکە برینداربوون.

خزمەتگوزاری بەپەلەی کیێڤ دەڵێت تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە کۆنتڕۆڵی ئاگرێکییان کردووە لە بینایەکی نیشتەجێبوون لە ناوچەی شێڤچینکیڤیسکی ناوەڕاستی کیێڤ کە زیانێکی زۆر گەورەی بەرکەوتووە.

سەرۆکی شارەوانی کیێڤ ڤیتاڵی کلیچسکۆ گوتی " تیمەکانی فریاکەوتن کچێکی تەمەن حەوت ساڵییان لە بیناکە دەرهێناوە. کچەکە لە ژیاندا ماوە، ئێستا هەوڵ دەدەن دایکی ڕزگار بکەن."

گوتیشی " خەڵک لەژێر پاشماوەکاندا ماونەتەوە." گوتیشی کۆمەڵێک کەس گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.

دواتر جێگری سەرۆکی شارەوانی کیێڤ میکۆلا پۆڤۆرۆزنیک وتی بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانەوە کەسێک کوژراوە و لانیکەم شەش کەسی دیکە برینداربوون.

وتیشی ڕۆژی یەکشەممە دەنگی کۆمەڵێک تەقینەوەی دیکە لە بەشەکانی دیکەی کیێڤ بیستراون، بەڵام دەنگی سیستمە بەرگرییە ئاسمانییەکان بوون لەکاتێکدا بەرپەرچی موشەکەکانیان داوەتەوە و تێکیانشکاندوون.

مۆسکۆ هیچ لێدوانێکی لەم بارەیەوە نەداوە و ڕەتی دەکاتەوە هاوڵاتیانی مەدەنی کردبێتە ئامانج.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا گوتی موشەکی ئاڕاستەکراوی وردییان بەکارهێناوە بۆ بە ئامانجکردنی ناوەندەکانی مەشقکردنی هێزەکانی ئۆکرانیا لە هەرێمەکانی چێرنیهیڤ و ژیتۆمیر و لڤیڤ، ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ ئەو هێرشانەی کە ڕۆژی شەممە ئۆکرانیا باسی لێوەکردن.

وتەبێژێکی هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا وتی ڕۆژی یەکشەممە ڕووسیا لە هەرێمی ئاستراخانی باشووری ڕووسیاوە کە هەزاران کیلۆمەتر لە کیێڤەوە دوورە چوار بۆ پێنج موشەکی مەودا درێژی هەڵداوە.

وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دمیترۆ کوڵێبا وتی وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت لە کۆبوونەوە سێ ڕۆژییەکەیاندا دەبێت بە زیادکردنی سزاکانی سەر ڕووسیا و پێدانی چەکی قورسی زیاتر بە ئۆکرانیا وەڵامی هێرشەکانی ڕووسیا بدەنەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG