وابڕیارە سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی لەڕێی پەیوەندییەکی ڤیدیۆییەوە وتارێک پێشکەشی پەرلەمانی بەڕیتانیا بکات، ئەمەش یەکەمین جارە سەرۆکی وڵاتێکی تر وتارێک پێشکەشی پەرلەمانی بەڕیتانیا بکات.
زێلێنسکی چەند جارێک لە دوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە قسەی لەگەڵ سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسندا کردووە، هەفتەی ڕابردوو کۆمەڵێک وتاری کاریگەریی پێشکەشی ڕابەرانی ڕۆژئاوا کرد، داوای پشتیوانی سەربازیی لێکردن.
کاتێک کارەکانی پەرلەمانی بەڕیتانیا تەواو دەبێت، کاتژمێر 5 ی ئێوارە وتارەکەی پێشکەش دەکات و پەرلەمانتارانیش لەڕێی شاشەیەکەوە کە لەناو پەرلەماندا داندراوە دەتوانن بینەر و بیسەری بن.
سەرۆکی پەرلەمانی بەڕیتانیا لیندسی هۆیڵ وتی " سەرجەم پەرلەمانتاران دەیانەوێت ڕاستەوخۆ گوێبیستی سەرۆک بن، کە ڕاستەوخۆ لە ئۆکرانیاوە لەگەڵماندا دەبێت، لەبەر ئەوە ئەمە دەرفەتێکی گرنگ دەبێت بۆ پەرلەمان."
وەزیری بەرگری بەڕیتانیا بێن واڵاس بە دەزگای هەواڵی سکای نیوزی وت " وتارەکە زۆر بەهێز دەبێت."
وتی " سەرۆک زێلێنسکی ڕۆحی ئۆکرانیایە، گەنجە و بیرکردنەوەیەکی لیبڕاڵی هەیە، سەری بەرزە کە ئەوەش ئەوروپییە، هەر ئەوەشە کە سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن لێی تێناگات."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
بڕیارە زێلێنسکی وتارێک پێشکەشی پەرلەمانی بەڕیتانیا بکات