Accessibility links

سەرۆک وەزیری ئۆکرانیا: دەوڵەمەندەکانی ڕووسیا دەبێت پارەی دووبارە بونیادنانەوەی ئۆکرانیا بدەن


سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل دێنیس شمیگاڵ دەڵێت دوابەدوای داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا خەرجی دووبارە بونیادنانەوەی ئۆکرانیا ڕەنگە بگاتە 750 ملیار دۆلار و دەبێت دەوڵەمەندە ڕووسییەکان یارمەتی بدەن لە خەرجییەکەدا.

شمیگاڵ لە کۆنفرانسێکدا لە شاری لوگانۆی سویسرا وتی " باوەڕمان وایە دەبێت سەرمایە دەستبەسەرداگیراوەکانی ڕووسیا و دەسەڵاتدارە دەوڵەمەندەکانی ڕووسیا سەرچاوەی سەرەکی خەرجی دووبارە بونیادنانەوەی ئۆکرانیا بێت." ئاماژەشی بەوەدا بەپێی خەمڵاندنەکان ئەو سەرمایانەی ڕووسیا کە دەستیان بەسەرداگیراوە یاخود سڕکراون دەگەنە 300 بۆ 500 ملیار دۆلار.

گوتیشی " بەرپرسانی ڕووسیا ئەم جەنگە خوێناوییەیان هەڵگیرساند. ئەوان هۆکاری ئەم کاولکارییە گەورەیەن و دەبێت باجەکەشی بدەن."

ڕووسیا داگیرکارییەکەی لە ئۆکرانیا بە " ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی تایبەت " ناودەبات و دەڵێت ئامانج لێی لەناوبردنی توانا سەربازییەکانی ئۆکرانیا و نەتەوە پەرستە مەترسیدارەکانی ئەو وڵاتەیە کە هەڕەشەیان بۆ سەر ئەو ئۆکرانییانە دروست کردووە کە بە زمانی ڕووسی قسە دەکەن.

ئۆکرانیا و ڕۆژئاوا دەڵێن ئەمانە پاساوی بێ بنەمای ڕووسیان بۆ داگیرکردنی خاکی زیاتری ئۆکرانیا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG