Accessibility links

ئۆکرانیا: لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا بەهۆی هێرشەکانی ڕووسیاوە 2 کەس کوژراون و 8 کەسی دیکە بریندار بوون


سەرۆکی شارەوانی شاری کراماتۆرسکی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا دەڵێت هێرشە ئاسمانییەکانی ڕووسیا لە شارەکەدا بوونەتە هۆی کوژرانی دوو کەس و بریندار بوونی هەشت کەسی دیکە، مۆسکۆشی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی بەکارهێنانی بۆمبی کۆکراوە لە هێرشەکەدا.

سەرۆکی شارەوانی شاری کراماتۆرسک ئۆلیکساندەر گۆنچارینکۆ وتی " ڕووسیا بەردەوامە لە بڵاوکردنەوەی تیرۆر، بەهۆی بۆردومانکردنی کراماتۆرسکەوە بە بۆمبی کۆکراوە، دوو کەس کوژران و هەشت کەسی دیکە بریندار بوون، سێ کەسییان بە سەختی برینداربوون."

ڕۆژنامەنووسانی دەزگای هەواڵی فرانس پرێس کە لە شارەکەدا بوون دەڵێن کاتژمێر 4 ی دوانیوەڕۆ گوێیان لە دەنگی نزیکەی 10 تەقینەوە بووە و دوکەڵییان بینیوە بەسەر پارکێکدا لە بەشی باشووری شارەکە.

وتیشیان ژنێکیان بینیوە لەو شوێنەدا گیانی لە دەستداوە.

بەپێی ڕۆژنامەنووسەکان، بە ماوەیەکی کورت دوای ئەوە، لە گەڕەکێکی دیکەدا کە دوو کیلۆمەتر دوور بووە گوێیان لە دەنگی چەند تەقینەوەیەکی دیکە بووە. ژنە شۆفێرێکی تاکسی بە سەختی بریندار بووە.

بەپێی پەیماننایەکی نەتەوە یەکگرتووەکان کە زۆربەی وڵاتانی ڕۆژئاوا پشتگیرییان لێکردووە، گواستنەوە و بەکارهێنانی بۆمبی کۆکراوە قەدەغە کراوە، کە دەیان تەقەمەنی بچووک بڵاودەکاتەوە و زۆرجار دوای ماوەیەکی زۆر لە کۆتایی هاتنی جەنگەکەش هەر وەکو مەترسییەک دەمێنێتەوە.

ڕووسیا و ئۆکرانیا پەیماننامەکەیان واژۆ نەکردووە و نەتەوە یەکگرتووەکانیش نیگەرانی دەربڕیوە سەبارەت بەو هەواڵانەی کە گوایە مۆسکۆ بۆمبی کۆکراوەی لە ناوچەکانی دانیشتواندا لە ئۆکرانیا بەکارهێناوە.

ئەمەش دووەمین جارە لە ماوەی هەفتەیەکدا شاری کراماتۆرسک بکرێتە ئامانجی هێرشە ئاسمانییەکان. ڕۆژی سێشەممە بەهۆی هێرشێکەوە بۆ سەر بینایەکی نیشتەجێبوون کەسێک گیانی لە دەستداوە و سێ کەسی دیکە بریندار بوون.

کراماتۆرسک دەکەوێتە هەرێمی پیشەسازی دۆنباسی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیاوە. زۆرێکی هەرێمەکە لە ساڵی 2014 ەوە لەلایەن هێزە جیاخوازەکانی ئۆکرانیاوە کۆنتڕۆڵ کراوە کە ڕووسیا پشتیوانییان لێدەکات.

لە مانگی چواری ساڵی 2022 دا لە هێرشێکی موشەکیدا نزیکەی 60 کەس لە وێستگەیەکی شەمەندەفەردا لە کراماتۆرسک کوژران، ئەوەش یەکێک بوو لە کوشندەترین هێرشی ئاسمانی کە تیایدا " هاوڵاتیانی مەدەنی کرانە ئامانج."

لە سەرەتای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەیەوە لە ئۆکرانیا، ڕووسیا بەردەوام هەوڵیداوە سەرانسەری هەرێمی دۆنباس کۆنتڕۆڵ بکات، کە هەریەک لە هەرێمەکانی دۆنێتسک و لوهانسک لە خۆدەگرێت.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG