ئۆکرانیا ڕەخنەی توندی لە لێدوانەکانی سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن گرت کە لە ماوەی ڕابردوودا وتی گرنگە ڕووسیا " شەرمەزار " نەکرێت، وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دمیترۆ کوڵێبا وتی لێدوانەکەی ماکرۆن " تەنها دەتوانێت فەڕەنسا شەرمەزار بکات."
ماکرۆن ئاماژەی بەوەدا گرنگە گفتوگۆکان لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتندا بپارێزرێت. هەڵوێستی ماکرۆن لەلایەن هەندێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا و باڵتیکەوە ڕەخنەی لێگیراوە، پێیان وایە ئەم جۆرە لێدوانانە دەبنە هۆی تێکدانی هەوڵەکان بۆ ناچارکردنی پوتن بۆ گفتوگۆکردن.
ماکرۆن وتی " پێویستە ڕووسیا شەرمەزار نەکەین بۆ ئەوەی کاتێک کە شەڕەکە تەواو دەبێت بتوانین لەڕووی ئامڕازە دیبلۆماتییەکانەوە ڕێڕەوێکی دەرچوون بونیادبنێین. من دڵنیام لەوەی ئەوە ڕۆڵی فەڕەنسایە ببێتە هێزێکی نێوەندگر."
کوڵێبا وەڵامی دایەوە و لە تویتەر نوسیویەتی " داواکان بۆ شەرمەزار نەکردنی ڕووسیا تەنها دەتوانێت فەڕەنسا و هەموو ئەو وڵاتانە شەرمەزار بکات کە داوای ئەوە دەکەن."
وتی " چونکە ئەوە ڕووسیا خۆیەتی کە خۆی شەرمەزار دەکات. ئێمە هەموومان باشترە سەنگ بخەینە سەر ئەوەی چۆن ڕووسیا لەجێی خۆی دابنێین. ئەوە دەبێتە هۆی کەوتنەوەی ئاشتی و ڕزگارکردنی ژیانی خەڵکەکە."
لە سەرەتای داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا ماکرۆن بەردەوام قسەی لەگەڵ پوتندا کردووە، ئەوەش وەکو بەشێک لە هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتنێکی ئاگربەست و دەستپێکردنی گفتوگۆیەکی جددی لەنێوان کیێڤ و مۆسکۆدا، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ سەرکەوتنێکی وەهای نەبووە تاوەکو باسی لێوەبکات.
ماکرۆن وتی " پێم وایە بە پوتنم وت کە هەڵەیەکی مێژوویی و بنچینەیی دەکات بۆ گەلەکەی و خۆشی و بۆ مێژووش."
ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی ئۆکرانیا میخایلۆ پۆدۆلیاک کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بە پێشنیارەکەی ماکرۆن بۆ نێوەندگری، وتی تاوەکو ئۆکرانیا چەکی نوێ لە ڕۆژئاواوە وەرنەگرێت و هێزەکانی ڕووسیا دوورنەخاتەوە " گفتوگۆکردن لەگەڵ ڕووسیادا هیچ سوودێکی نابێت "
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
ئۆکرانیا: لێدوانەکانی ماکرۆن سەبارەت بە ڕووسیا " تەنها دەتوانێت فەڕەنسا شەرمەزار بکات "
