بەڕیتانیا هۆشداریدایە هاووڵاتیانی وڵاتەکەی کە دەچن بۆ سوید و باسی لە ئەگەری ڕوودانی هێرشی تیرۆریستی کرد لەو وڵاتەدا، ئەوەش دوابەدوای سوتاندنی قورئان لەلایەن چالاکەوانەکانی دژ بە ئیسلامەوە کە بووە هۆی توڕەبوونی موسوڵمانان.
لە ئاگادارییەکی نوێی گەشتدا، وەزارەتی دەرەوەی بەڕیتانیا وتی بەرپرسانی سوید سەرکەوتووانە هەندێک پلانی هێرشییان پوچەڵ کردۆتەوە و چەند کەسێکییان دەستگیر کردووە.
وەزارەتەکە لە ئاگادارییەکەیدا بۆ هاووڵاتیانی وتی " دەبێت لەم کاتەدا وریا بن، تیرۆریستان پێدەچێت هەوڵ بدەن هێرش لە سوید ئەنجام بدەن "، ئەو ناوچانەشی کە بیانییەکان بۆی دەچن ڕەنگە ئامانجی سەرەکی بن.
لە بەیاننامەیەکدا کە دان دەنێت بە گۆڕینی ئاگادارکردنەوەکەی بەڕیتانیادا سەبارەت بە گەشتکردن بۆ سوید، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی سوید هێنریک لاندەرهۆڵم جەختی لە زیادبوونی مەترسییەکانی سەر سوید کردەوە لە دوای سوتاندنەکانی قورئانەوە.
لاندەرهۆڵم وتی هێرشەکەی سەر باڵیۆزخانەی سوید لە عێراق لە 19 ی مانگی حەوتدا و هەوڵدان بۆ هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەکەی لە لەندەن لە 9 ی مانگی هەشتدا و تەقەکردنی کارمەندێکی سوید لە کونسوڵخانەی سوید لە تورکیا لە 1 ی مانگی هەشتدا، وایکردووە هەڵسەنگاندنەکانمان بۆ مەترسییەکان ڕاستتر بن.
هاوکات حکومەتی ئەمەریکاش لە ئاگادارییەکەیدا بۆ گەشتکردن هۆشداریداوە لەسەر ئەگەری ڕوودانی هێرشی تیرۆریستی لە سوید.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز