ئۆفیسی سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن دەڵێت جۆنسن و ڕابەرانی ئەمەریکا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا جەختیان لە گرنگی دڵنیابوونەوە کردۆتەوە لە پارێزراوی وێستگە ناوەکییەکان لە ئۆکرانیادا.
وتەبێژی داونینگ ستریت لە بەیاننامەیەکدا گوتی " لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی هاوبەشدا، سەرۆک وەزیر و سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن و ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز جەختیان لە پابەندبوونی جێگیری خۆیان کردۆتەوە بۆ پشتیوانیکردنی ئۆکرانیا بەڕووی داگیرکارییەکەی ڕووسیادا."
گوتیشی " جەختیان لە گرنگی دڵنیابوونەوە کردۆتەوە لە پارێزراوی و ئاسایشی دامەزراوە ناوەکییەکان و پێشوازییان لە گفتوگۆکانی ئەمدواییانە کردووە کە تیایاندا باس لەوە دەکرێت ڕێگە دەدرێت پشکنەرانی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی ڕەوانەی وێستگەی زاپۆریژا بکرێن."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
داونینگ ستریت: زلهێزەکانی ڕۆژئاوا جەخت لە گرنگی پارێزراوی وێستگە ناوەکییەکانی ئۆکرانیا دەکەنەوە