Accessibility links

بەڕیتانیا دەڵێت دەکرێت سزاکانی سەر ڕووسیا لاببرێن ئەگەر هێزەکانی لە ئۆکرانیا بکشێنێتەوە


وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا لیز تڕەس

ڕۆژنامەی تێلیگراف بڵاویکردەوە وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا لیز تڕەس دەڵێت ئەو سزایانەی سەپێندراون بەسەر کەس و کۆمپانیا ڕووسییەکاندا دەکرێت لاببرێن ئەگەر ڕووسیا لە ئۆکرانیا بکشێتەوە و پابەند بێت بە کۆتایی هێنان بە دوژمنکارییەکانیەوە.

بەڕیتانیا و وڵاتانی دیکەی ڕۆژئاوا سزاکان بەکاردەهێنن بۆ پەکخستنی ئابووری ڕووسیا و سزادانی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن لەسەر داگیرکارییەکەی لە ئۆکرانیا، هەوڵدەدەن ناچاری بکەن دەستبەرداری داگیرکارییەکەی بێت کە خۆی بە " ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی تایبەت " ناودێری دەکات.

لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تێلیگراف، تڕەس ئاماژەی بەو ئەگەرەدا کە ئەگەر ڕووسیا ئاڕاستەکەی بگۆڕێت ئەوا دەکرێت سزاکان لاببرێن.

تڕەس وتی " ئەوەی دەیزانین ئەوەیە ڕووسیا کۆمەڵێک ڕێکەوتنی واژۆ کردووە کە پابەند نییە پێیانەوە. بۆیە دەبێت ڕێوشوێنی توند هەبێت، بێگومان سزاکان ڕێوشوێنی توندن."

وتیشی " ئەو سزایانە تەنها دەبێت لەکاتێکدا لاببرێن کاتێک ئاگربەستی تەواو و کشانەوە ڕوودەدات، بەڵام پابەندبوونێکیش لەسەر ئەوەی لە داهاتوودا دوژمنکاری دیکە ئەنجام نەداتەوە. هەروەها دەرفەتێک هەیە بۆ گەڕاندنەوەی سزاکان ئەگەر لە داهاتوودا دوژمنکاری زیاتر ئەنجام بدرێت. ئەوە ئەو ڕێوشوێنە ڕاستەقینەیەیە کە پێم وایە دەکرێت بەکاربهێندرێت."

حکومەتی بەڕیتانیا دەڵێت ئەو بانکە ڕووسییانەی کە بەڕیتانیا سزای بەسەردا سەپاندوون 500 ملیار پاوەندییان هەبووە، ئەو دەسەڵاتدارە دەوڵەمەندانەشی کە بەڕیتانیا سزای بەسەردا سەپاندوون زیاتر لە 150 ملیار پاوەندییان هەبووە.

تڕەس ئاماژەشی بەوەدا قەیرانەکە بەڕیتانیا و یەکێتی ئەوروپای نزیکتر کردۆتەوە لە یەکتری، ئەوەش دوای ئەوەی لە ماوەی هاتنە دەرەوەی بەڕیتانیادا لە یەکێتیەکە، پەیوەندییەکان گرژییان تێکەوت.

وتی " یەکێک لەو خاڵانەی دەمەوێت ئاماژەی پێبدەم لەسەر ئەم قەیرانە ئەوەیە کە لەگەڵ یەکێتی ئەوروپادا زۆر زۆر لەنزیکەوە کارمان کردووە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG