وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا جەیمس کلێڤەرلی دەڵێت زنجیرە هەڵە ستراتیژییەکانی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن دەبێت بوەستێت و بەکارهێنانی هەر چەکێکی ناوەکی دەرەنجامی دەبێت.
سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن لە ماوەی ڕابردوودا فەرمانی بە کۆکردنەوەی سەرباز کرد و هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی کردووە.
کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی ئایا بەڕیتانیا چۆن وەڵام دەداتەوە دژی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆی تاکتیکی لەلایەن ڕووسیاوە، کلێڤەرلی وتی ناتوانێت بچێتە وردەکارییەکانەوە بەڵام وەڵامدانەوەیەک دەبێت.
وتی " بەو شێوەیە دەبێت، بەکارهێنانی چەکی ناوەکی لەلایەن هەر وڵاتێکی جیهانەوە بەبێ وەڵامدانەوە تێپەڕ نابێت."
وتیشی " باس لە سروشتی وەڵامدانەوەکە ناکەم."
لە ماوەی ڕابردوودا وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ وتی مۆسکۆ نایەوێت بەشدار بێت لەو لێدوانانەدا کە باس لە چەکی ناوەکی دەکەن و لەلایەن ڕۆژئاواوە بڵاوکراونەتەوە. ئەمەش دوای ئەوەی ڕۆژنامەی تایمزی بەڕیتانی بڵاویکردەوە هاوپەیمانێتی ناتۆ ئەندامەکانی ئاگادار کردۆتەوە لەسەر ئەوەی پوتن ڕەنگە چەکێکی ئەتۆمی لە سەر سنووری ئۆکرانیا تاقی بکاتەوە.
کلێڤەرلی وتی هەڵە ستراتیژییەکانی پوتن زیانی بە ڕووسیا گەیاندووە و لەسەر ئاستی جیهانیشدا دایبڕیوە.
وتی " دەبێت ڕوونی بکەینەوە کە زنجیرە هەڵە ستراتیژییەکانی دەبێت بوەستێت. بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردن لە ئۆکرانیەکان لە بەرگریکردن لە نیشتیمانەکەیاندا، لە پاڵ یاسا و نۆرمە نێودەوڵەتییەکاندا دەوەستین."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز