Accessibility links

وەزیری بەرگری بەڕیتانیا: ڕوسیا هەوڵدەدات زیان بە ئابووری وڵاتەکەمان بگەیەنێت


وەزیری بەرگری بەڕیتانیا گاڤین ولیامسن

ڕۆژنامەی تێلیگراف لەزاری وەزیری بەرگری بەڕیتانیا گاڤین ولیامسنەوە بڵاویکردەوە ولیامسن هۆشیاریداوە لەوەی ڕوسیا هەوڵدەدات زیان بە ئابووری بەڕیتانیا بگەیەنێت و هێرش بکاتە سەر ژێرخانی ئابووری وڵاتەکە لە جوڵەیەکدا کە لەوانەیە ببێتە هۆی کوژرانی هەزاران کەس.

جێی ئاماژەیە پەیوەندییەکانی نێوان بەڕیتانیا و ڕوسیا گرژی تێکەوتووە. سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا تێریزا مەی ساڵی ڕابردوو مۆسکۆی تۆمەتبار کرد بە دوژمنکاری سەربازیی و لە مانگی دوانزەدا وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن وتی بەڵگە هەیە لەسەر ئەوەی ڕوسیا دەست وەردەداتە هەڵبژاردنەکانی ڕۆژئاواوە.

لەم مانگانەی دواییدا بەڕیتانیا فڕۆکەی جەنگی ڕەوانە کرد بۆ ڕێگەگرتن لە فڕۆکە ڕوسییەکان لە نزیک ئاسمانی بەڕیتانیا.

ڕۆژنامەکە لە ولیامسنەوە بڵاویکردەوە " پلانەکەی ڕوسیا ئەوە نیە فڕۆکەکانیان لە ساوث بەی لە سکاربۆرۆ و برایتن بنیشێننەوە."

وتیشی " ئەوەی ئەوان بیری لێدەکەنەوە ئەوەیە کە چۆن بتوانن زۆرترین زیان بە بەڕیتانیا بگەیەنن؟ زیانی ئابووری و تێکدانی ژێرخانی ئابووری کە ئەوەش دەبێتە هۆی کوژرانی هەزاران کەس و دەبێتە هۆی دروستبوونی فەوزا لە هەموو وڵاتەکەدا."

لەلای خۆیەوە کرێملن ڕەتی کردەوە ڕوسیا دەستی وەردابێتە هەڵبژاردنەکانی ڕۆژئاواوە و دەڵێت حاڵەتێکی هستریا هەیە لەناو ئەمەریکا و ئەوروپادا دژی ڕوسیا.

ولیامسن وتی ڕوسیا دەگەڕێت بەدوای ڕێگەیەکدا هێرش بکاتە سەر بەڕیتانیا.

وتیشی " بۆچی بەردەوام چاودێری وێستگەکانی کارەبا دەکەن و وێنەیان دەگرن، بۆچی بەردەوام چاودێری ئەو تۆڕانە دەکەن کە کارەبا دابین دەکەن بۆ وڵاتەکەمان؟"

هەروەها وتی " دەیانەوێت فەوزا بخەنە ناو وڵاتەکەوە و دواتر بکشێنەوە. ئەوە ئەو مەترسیە ڕاستەقینەییەیە کە پێم وایە لەم کاتەدا ڕووبەڕووی بەڕیتانیا بۆتەوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG