Accessibility links

پۆلیسی بەڕیتانیا دەڵێت ڕووداوەکەی ناو پارکەکە وەکو کارێکی تیرۆریستی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت


پۆلیسی بەڕیتانیا دەڵێت ڕووداوی پارکەکەی شارۆچکەی ڕیدینگ لە باشووری بەڕیتانیا کە تیایدا پیاوێک بە چەقۆ سێ کەسی کوشت و سێیانی دیکەی بریندارکرد، وەکو کارێکی تیرۆریستی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.

پۆلیس ڕایگەیاند پیاوێکی تەمەن 25 ساڵ لە پارکێک لە ڕیدینگ کە دەکەوێتە 65 کیلۆمەتر ڕۆژئاوای لەندەن بە چەقۆ هێرشی کردۆتە سەر خەڵکەکەی ناو پارکەکە و دواتر دەستگیرکراوە.

سەرچاوەیەکی ڕۆژئاوایی بە ڕۆیتەرزی وتی هێرشبەرەکە پیاوێکی لیبیە و ناوی خەیری سەعدوڵایە.

لە سەرەتادا پۆلیس و حکومەتی بەڕیتانیا وتیان وادیار نیە هێرشەکە تیرۆریستی بێت، بەڵام سەرۆکی پۆلیسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر نیڵ پاسۆ وتی دوای ئەوەی لێکۆڵەرەوانی پۆلیس لێکۆڵینەوەیان لە ڕووداوەکە کردووە، لە ئێستادا ڕووداوەکە وەکو کردەوەیەکی تیرۆریستی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.

وتیشی " ئەمە کردەوەیەکی دڕندانەیی بوو."

وتی " بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی تا ئێستا کردوومانە، پۆلیس هیچ شتێکی نەبینیوە ئاماژە بە تێوەگلانی خەڵکی تر بکات، بەشوێن هیچ کەسێکی دیکەدا ناگەڕێن لەبارەی ئەم ڕووداوەوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG