Accessibility links

پـۆلیسی بەریتانیا ناسنامەی دوو لە هێرشبەرەکانی لەندەن ئاشکرا دەکات


پـۆلیسی بەریتانیا ناسنامەی دوو لەو سێ هێرشبەرەی شەوی شەممەی ڕابردووی شاری لەندەنی ئاشکراکرد کە 7 کەسیان کوشت و دەیان کەسی دیکەیان بریندارکرد و پاشان بە دەستی پـۆلیس کوژران.

پـۆلیسی میترۆپـۆلیتان ئەمڕۆ دووشەممە لەسەر ماڵپەڕ و تویتەرەکەی دووانیانی ئاشکراکرد و دەڵێت یەکێکیان پـێشتر لەلایەن دەزگا ئاسایشیـیەکانەوە ناسراو بووە. هەروەها دەڵێت هێشتا لە هەوڵدایە تاوەکو بزانێت هێرشبەری سێـیەم کێ بووە.

هەردوو هێرشبەرەکە دانیشتوی ناوچەی بارکینگی ڕۆژهەڵاتی لەندەن بوون.

خورام شازادە بوت، تەمەن 27 ساڵ لە دایکبووی پاکستان، ڕەگەزنامەی بەریتانی هەبوو. ناوبراو لە لایەن دەزگای هەواڵگری ناوخۆی بەریتانیا MI5 ناسراوبوو، بەڵام هیچ زانیاریـیەک لەسەری نەبووە کە نیشانی بدات بە نیازی هێرشە.

هێرشبەری دووەم، ڕەشید ڕەزوان، تەمەن 30 ساڵ، پـێشتر لەلایەن پـۆلیسەوە هیچ گومانێکی لەسەر نەبووە. دەڵێن بە ڕەچەڵەک مەغریبی و لیبیـیە.

لەو هێرشەی شەوی شەممەی لەندەن جگە لەو 7 کەسەی کوژران، 48 کەسی دیکە برینداربوون، لەوانە هێشتا 18 کەسیان لە نەخۆشخانەن بەهۆی قورسی برینەکانیان.

داعش ڕۆژی یەکشەممە بەرپـرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە ڕاگەیاند. بەڵام هیچ ئاماژەیەکی پـۆلیس نیـیە ئەم ئیدیعایەی داعش پـشتڕاستبکاتەوە.

گاردیان ڤیدیۆیەکی بڵاوکردووەتەوە کە کەناڵ 4 کاتی خۆی گرتوویەتی و تیایدا نیشان دەدرێت خورام لەگەڵ 7 کەسی دیکە لە شوێنێکی گشتی ئاڵای بەرەی نوسرەیان داناوە و نوێژی لە بەردەم دەکەن.

XS
SM
MD
LG