Accessibility links

بەڕیتانیا نیگەرانی خۆی دەردەبڕێت سەبارەت بە خراپبوونی ڕەوشی ئاسایشی لیبیا


وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا جێرێم هەنت
وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا جێرێم هەنت

وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا جێرێم هەنت وتی وڵاتەکەی نیگەرانە سەبارەت بە خراپبوونی باری ئاسایش و مرۆیی لە لیبیادا.

دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا تێریزا مەی و سەرۆک وەزیری لیبیا فائیز سەڕاجدا لە لەندەن، جێرێمی هەنت ئەم لیدوانەیدا.

هەنت وتی " چارەسەری دیبلۆماسی تەنها ڕێگەیە بۆ دانانی سنوورێک بۆ خوێن ڕشتن و نادیارییەکان."

هەنت وتیشی " داوامان لە سەرۆک وەزیر سەڕاج کرد داوا لە هەموو لایەنەکان بکات پابەند بن بە ئاگربەستەوە و ڕێگە بدەن یارمەتییە مرۆییەکان بگەنە دەستی ئەوانەی کە زۆر پێویستیانە و بگەڕێنەوە بۆ ئەو وتوێژە سیاسییانەی کە نەتەوە یەکگرتووەکان سەرپەرشتیان دەکات."

لەلایەکی دیکەوە بەرپرسێکی حکومەتی لیبیا لە تەڕابلس وتی حکومەتی لیبیا کارەکانی 40 کۆمپانیای بیانی ڕاگرتووە کە لەنێویاندا کۆمپانیای نەوتی فەڕەنسی تۆتاڵی تێدایە.

گرژییەک هەیە لەنێوان حکومەتی لیبیا و فەڕەنسادا بەهۆی ئەوەی پاریس پەیوەندی هەیە لەگەڵ خەلیفە حەفتەری سەرکردەی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی لیبیادا کە هەوڵدەدات کۆنتڕۆڵی تەڕابلسی پایتەخت بکات لە شەڕێکدا کە چەند مانگێکە بەردەوامە.

جێی ئاماژەیە کۆمپانیای تۆتاڵی فەڕەنسی بەرژەوەندییەکی زۆری هەیە لە بوارەکانی نەوت و غازدا لە لیبیا و تاکە کۆمپانیایە لەو لیستەدا کە مامەڵەیەکی زۆر گەورەی هەیە لە لیبیادا. لە نێو ئەو کۆمپانیایانەی دیکەدا کە کارەکانیان ڕاگیراوە لە لیبیا کۆمپانیای تالیسی فەڕەنسی بۆ فڕۆکەوانی و بەرگری و کۆمپانیای سیمنسی ئەڵمانی و کۆمپانیای پێداویستیەکانی پەیوەندیی ئەلکاتێڵ لوسنتە.

مانگی ڕابردوو وەزارەتی ناوخۆی لیبیا هاریکارییە ئاسایشیەکانی لەگەڵ فەڕەنسادا ڕاگرت و پاریسی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی پشتیوانیکردن لە حەفتەر.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG