Accessibility links

یاسادانەرانی بەڕیتانیا داوا لە حکومەت دەکەن سوپای پاسدارانی ئێران وەکو ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بناسێنێت


یاسادانەرانی بەڕیتانیا و ئەندامانی پەرلەمان داوایان لە حکومەتی وڵاتەکە کرد سوپای پاسدارانی ئێران وەکو ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بناسێنێت، دەڵێن هەنگاوێک دەبێت بەرەو گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ناساندنی سوپای پاسدارانی ئێران وەکو ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ئەوە دەگەیەنێت کە ئەگەر کەسێک یاخود لایەنێک لە بەڕیتانیا سەر بەو گروپە بێت یاخود ئامادەی کۆبوونەوەکانی بێت یاخود لۆگۆکەیان بە ئاشکرا هەڵبگرێت ئەوا وەکو ئەوە وایە تاوانێکی ئەنجام دابێت. سوپای پاسدارانی ئێران پێشتریش لەلایەن بەڕیتانیاوە سزای بەسەردا سەپێندراوە.

لە نامەیەکدا بۆ سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا ڕیشی سوناک، زیاتر لە 60 یاسادانەری پەرلەمانی دووەمی بەڕیتانیا و ئەندامانی پەرلەمانی سەرەکی دەڵێن " بە لەبەرچاوگرتنی جەنگەکەی ناو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئێستا ناساندنی سوپای پاسدارانی ئێران زیاد لە هەموو کاتێکی تر کارێکی بەپەلەترە."

وتیشیان " داوا لە حکومەتەکەمان دەکەین دان بە پەلەیی ناساندنی سوپای پاسدارانی ئێران وەکو ڕێکخراوێکی تیرۆریستیدا بنێت و ئەو کارە بکات. ئەو جۆرە بڕیارە هەنگاوێکی زۆر گرنگ دەبێت بەرەو ئاشتی و سەقامگیری و دادپەروەری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەرەوەی ئەو ناوچەیەشدا." نامەکە لەلایەن ئەندامانی پارتی پارێزگارانیشەوە واژۆ کراوە، لەوانەش، ئیان دەنکن سمیث و دەیڤد دەیڤس و دەیڤد جۆنس.

لە مانگی یەکدا وەزیرێکی دەرەوەی بەڕیتانیا وتی وڵاتەکە چالاکانە تاوتوێی ناساندنی سوپای پاسدارانی ئێران دەکات وەکو ڕێکخراوێکی تیرۆریستی، بەڵام نەگەیشتوونەتە بڕیارێکی کۆتایی لەو بارەیەوە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا، ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG