Accessibility links

جۆنسن بەرگری لە بڕیارەکەی دەکات بۆ داخستنی وڵاتەکە


سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن

سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن بەرگری لە بڕیارەکەی کرد بۆ داخستنی سەرانسەری وڵاتەکە بەمەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی شەپۆلی دووەمی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەمەش دوای ئەوەی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکە ڕایگەیاند ئەگەر زووتر بجوڵایە ئەوا دەکرا " هەزاران " کەس ڕزگار بکرێت.

دوای ئەوەی بۆ چەند هەفتەیەک لە ناوچە جیا جیاکانی بەڕیتانیا ڕێوشوێن گیرایەبەر و کۆتوبەند سەپێندرا، جۆنسن فەرمانی کرد بە داخستنی سەرانسەری وڵاتەکە و لە ڕۆژی پێنجشەممەوە داخستنەکە دەست پێدەکات و تاوەکو دووی مانگی دوانزە بەردەوام دەبێت.

جۆنسن لە بەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەدا ئەوەی خستەڕوو تاقیکردنەوە و نموونە زانستیەکان دەریدەخەن ئەگەر هیچ کارێک نەکرێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە ئەوا دەکرێت لە زستاندا ژمارەی گیان لەدەستدانەکان بگەنە هێندەی ئەو ژمارەیەی کە لە شەپۆلی یەکەمی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەدا تۆمارکراون، ئاماژەشی بەوەدا بەم نزیکانە نەخۆشخانەکان دەگەنە ئەوپەڕی توانایان.

سەرۆکی حیزبی کاری ئۆپۆزسیۆنی بەڕیتانیا کەیر ستارمەر وتی سەرۆک وەزیر " شکستێکی گەورەی هێناوە " لە مامەڵەکردنیدا لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە.

بەڵام جۆنسن وتی " من بەڕاستی داوای لێبووردن دەکەم لەسەر ئەو قورساییەی کە ئەم ڕێوشوێنانە دروستی دەکەن لەسەر خەڵک، بەتایبەتی لەسەر ئەو دامەزراوە ئابوورییانەی کە ماوەیەکی کەمە هاوسەنگی خۆیان پەیداکردۆتەوە. بەڵام ئێستا ڕوون و ئاشکرایە کە دەبێت هەموومان هەوڵی زیاتر بدەین."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG