Accessibility links

ژمارەی گیان لەدەستدانەکان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە ئیسپانیا و ئیتاڵیا کەم دەبنەوە، بەڵام بەڕیتانیا لە زیادبووندایە


لە ماوەی دوو هەفتەدا لە ئیتاڵیا بۆ یەکەمین جار ژمارەی گیان لەدەستدانەکان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە کەمتر بۆوە بەبەراوردا لەگەڵ ڕۆژانی ڕابردوودا. بەڕێوبەری دەزگای پاراستنی نیشتیمانی مەدەنی ئیتاڵیا ئانجیلۆ بۆڕێلی وتیلە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا 525 حاڵەتی گیان لەدەستدان تۆمارکراوە.

هەروەها ژمارەی توشبووانیش بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئیتاڵیا بەبەراورد لەگەڵ ڕۆژانی ڕابردوودا کەمتربۆتەوە، ڕۆژی یەکشەممە 4,316 حاڵەتی توشبوون تۆمارکراوە، لەکاتێکدا لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە ڕۆژانە 6000 کەس زیاتر توش دەبوون.

سەرەڕای ئەمانەش، بۆڕێلی وتی " ئەم هەواڵە خۆشە نابێت وامان لێبکات خەم سارد بین و چیتر گوێ نەدەین."

لەلایەکی دیکەوە ژمارەی توشبووان لە ئیسپانیاش کەمتربۆوە، هەروەها بۆ سێیەمین ڕۆژ ژمارەی گیان لەدەستدانەکان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە کەمتربۆوە. هەفتەی ڕابردوو ژمارەی گیان لەدەستدانەکان بەهۆی ڤایرۆسەکەوە لە ئیسپانیا گەیشتە 800 کەس، بەڵام لە ئێستادا تەنها 674 حاڵەتی گیان لەدەستدان تۆمارکراوە.

سەرۆک وەزیری ئیسپانیا پێدرۆ سانچێز وتی " خەریکە لە کۆتای تونێلەکە ڕووناکیەکە دەبینین."

بەڵام لە بەڕیتانیا ڕۆژی شەممە 708 حاڵەتی گیان لەدەستدانی دیکە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە تۆمارکرا، هەروەها ڕۆژی یەکشەممەش زیاتر لە 600 حاڵەتی گیان لەدەستدانی دیکە تۆمارکراوە.

لەنێو 48,000 توشبوودا بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەڕیتانیا، کۆی گشتی گیان لەدەستدانەکان بەهۆی ڤایرۆسەکەوە 4,900 کەسی تێپەڕاندووە.

تا ئێستاش ئیتاڵیا پێشەنگە لە ژمارەی گیان لەدەستدانەکان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، نزیکەی 16,000 کەس بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە، ئەمەش لە کۆی نزیکەی 130,000 توشبوو بە ڤایرۆسەکە.

سەرچاوە/ ئەسۆشیەتد پرێس

XS
SM
MD
LG