Accessibility links

بۆریس جۆنسن داوا لە ڕۆحانی دەکات کۆتای بە کردەوە دوژمنکارییەکان بهێنێت


حکومەتی بەڕیتانیا ئاماژەی بەوەدا سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا داوای لە سەرۆکی ئێران حەسەن ڕۆحانی کردووە کۆتای بە ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان تاران و واشنتن بهێنێت، هەروەها جەختیشی لە پابەندبوونی بەڕیتانیا کردۆتەوە بە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەوە.

سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن داوای کردووە " کۆتایی بە کردەوە دوژمنکارییەکان بهێندرێت " و جەختیشی لە پابەندبوونی بەڕیتانیا کردۆتەوە بە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان و دەڵێت " لە ئێستادا ڕێکەوتنەکە باشترینە بۆ دەستەبەرکردنی ئامانجەکەمان کە ئەویش ئەوەیە ڕێگە نەدەین ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ناوەکی."

حکومەتی بەڕیتانیا ئەوەشی خستەڕوو جۆنسن لە پەیوەندییە تەلەفونییەکەیدا لەگەڵ ڕۆحانی کە 20 خولەکی خایاندووە " هەوڵیداوە پەیامێکی ڕوون بگەیەنێت بە ئێران." بە ڕۆحانی ڕاگەیاندووە " پێویستییەکی زۆر هەیە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان."

ڕۆژی یەکشەممە ئێران ڕایگەیاند هەنگاوێکی نوێ دەنێت بۆ کەمکردنەوەی بەرپرسیارێتیەکانی لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەدا، ئەمەش وەکو وەڵامدانەوەیەک بۆ کوژرانی قاسم سولەیمانی لە هێرشێکی ئاسمانی ئەمەریکادا لە بەغداد.

بەپێی بەیاننامەیەکی سەرۆکایەتی ئێران، حەسەن ڕۆحانی بە جۆنسنی وتووە هەموو ئەو ڕێوشوێنانەی ئێران گرتوویەتییەبەر بۆ کەمکردنەوەی بەرپرسیارێتییەکانی لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەدا وەکو وەڵامێک بۆ کشانەوەی ئەمەریکا لە ڕێکەوتنەکە لە ساڵی 2018 دا، دەکرێت پاشگەزببنەوە لێی.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە دەڵێت " ئێران ئامادەیە بگەڕێتەوە بۆ پابەندبوون بە تەواوی بەرپرسیارێتییەکانیەوە لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەدا، ئەمەش بە مەرجێک ئەگەر لایەنە ئەوروپییەکانی بەشدار لە ڕێکەوتنەکە دووبارە پابەند ببنەوە بە ڕێکەوتنەکەوە و یارمەتی ئێران بدەن لە خۆدزینەوە لەو سزایانەی کە ئەمەریکا سەپاندوویەتی بەسەر ئێراندا."

دەزگای هەواڵی ئێرنای ئێران بڵاویکردەوە ڕۆحانی وتوویەتی " ئەگەر ئەوروپا بگەڕێتەوە بۆ پابەندبوون بە ڕێکەوتنەکەوە ئەوا ئێرانیش پابەند دەبێتەوە پێوەی." ئاماژەشی بەوەدا " تاران هێشتا پابەندە بە هاریکارییەکانی لەگەڵ دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی کە چاودێری چالاکییە ناوەکییەکانی ئێران دەکەن وەکو پێشتر."

ڕۆژی چوارشەممە سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ وتی " ئێستا کاتی ئەوەیە بەڕیتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا و ڕوسیا و چین شوێن پێی ئەمەریکا هەڵبگرن و لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکە بکشێنەوە."

ڕۆحانی جەختی لەوە کردەوە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە عێراق وەکو وەڵامێک بۆ کوژرانی قاسم سولەیمانی " بەرگریکردنێکی یاساییە."

ڕۆحانی داواشی لە جۆنسن کرد " دووبارە چاوبخشێنێتەوە " بە هەڵوێستەکەیدا سەبارەت بە کوژرانی قاسم سولەیمانی، ئەمەش دوای ئەوەی سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی وتی بەداخەوە نیە بۆ کوژرانەکەی.

ڕۆحانی وتی " گومان لەوەدا نیە ئەگەر هەوڵەکانی سولەیمانی نەبوایە ئێستا ئێوە ئەو سەقامگیرییەتان لە لەندەن نەدەبوو." ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ هەوڵەکانی قاسم سولەیمانی لە شەڕی دژ بە ڕێکخراوی داعش لە عێراق و سوریا.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG