Accessibility links

بەڕیتانیا داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ دەکات سەبارەت بە غوتەی ڕۆژهەڵات


وتەبێژێکی ئەنجومەنەکە وتی واچاوەڕاندەکرێت لەسەر داوای بەڕیتانیا ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدەن سەبارەت بە ڕەوشە خراپەکەی غوتەی ڕۆژهەڵاتی سوریا.

وتەبێژ ڕۆلاندۆ گۆمێز لە ئیمەیڵێکدا وتی ئەنجومەنەکە کە لە 12 وڵات پێکهاتووە و بنکەکەی لە جنێڤە بە داواکارییەکە ڕازی بووە.

نوێنەری بەڕیتانیا جولیان برایتوایت لە پەیامەکەیدا بۆ ئەنجومەنەکە وتی وڵاتەکەی هەوڵدەدات بڕیارێک دەربکات کە بەمزووانە ڕەشنووسەکەی بڵاودەکرێتەوە.

ڕەشنوسەکەی بەڕیتانیا کە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بەدەستی گەیشتووە تیایدا سەرکۆنەی هێرشە بەردەوامەکان دەکات بۆ سەر دامەزراوە تەندروستییەکان و ڕێگە نەدان بە چوونە ناوەوەی یارمەتییە مرۆییەکان، هەروەها سەرکۆنەی بەکارهێنانی هەر چەکێکی قورس و هێرشی ئاسمانی و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دەکات لەلایەن حکومەتی سوریاوە دژی هاوڵاتیانی مەدەنی سوریا لەوانەش هاوڵاتیانی غوتەی ڕۆژهەڵات.

ڕەشنووسەکە پشتیوانی لە بڕیارەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکات کە لەڕۆژی شەممەی ڕابردوودا دەریکرد بۆ وەستاندنی شەڕ لە سوریادا بۆ ماوەی 30 ڕۆژ و ڕێگەدان بە گەیاندنی یارمەتییەکان و هێنانە دەرەوەی بریندارەکان بەپێی یاسای نێودەوڵەتی و داوا لە بەرپرسانی سوریا دەکات ڕێگە بدەن یارمەتییەکان بەبێ هیچ بەربەستێک بگەیەنرێنە ناوچە گەمارۆدراوەکان.

هەروەها ڕەشنووسەکە پشتیوانی لە لێکۆڵەرەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات کە لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی جەنگی سوریا دەکەن بە ڕابەرایەتی پاولۆ پنیرۆ بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ سەبارەت بە ڕووداوەکانی غوتەی ڕۆژهەڵات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG