Accessibility links

پەرلەمانی بەڕیتانیا گڵۆپی سەوز بۆ جیابوونەوەی وڵاتەکە لە یەکێتی ئەوروپا دادەگیرسێنێت


پەرلەمانتارانی بەڕیتانیا لەکۆتایدا گڵۆپی سەوزیان بۆ سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن داگیرساند تاوەکو پلانە تایبەتیەکەی بۆ جیابوونەوەی بەڕیتانیا لە یەکێتی ئەوروپا جێبەجێ بکات، ئەمەش دوای قەیرانێک کە سێ ساڵی خایاند.

ئەم دەنگدانەی پەرلەمانی بەڕیتانیا بە سەرکەوتنێک دادەنرێت بۆ سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن، بەڵام دەبێت هەوڵی زۆر بدات لە دانوستانە قورسەکانی نێوان بەڕیتانیا و یەکێتی ئەوروپا بۆ پێکهێنانی پەیوەندییەکی نوێ، بەتایبەتی لە بواری بازرگانیدا.

دوای تاوتوێکردنی پلانەکە کە چەند دانیشتنێکی خایاند، پەرلەمانتارانی بەڕیتانیا بە زۆرینەی دەنگ 330 دەنگ بەرامبەر 231 دەنگ پلانەکەیان بۆ جیابوونەوەی بەڕیتانیا لە یەکێتی ئەوروپا پەسەند کرد.

لە ئێستادا دەبێت ئەنجومەنی لوردەکانی بەڕیتانیاش پلانەکە پەسەند بکەن، دواتر شاژنی بەڕیتانیا ڕایدەگەیەنێت.

دواتر، دەبێت پەرلەمانی ئەوروپاش پەسەندی بکات، بەمەش لە 31 ی مانگی یەکدا بەڕیتانیا دەبێتە یەکەمین وڵات کە یەکێتی ئەوروپا جێبهێڵێت.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG