فەڕەنسا و ئەڵمانیا و بەڕیتانیا دەڵێن زۆر نیگەرانن سەبارەت بە زیادبوونی گرژییەکان لە ناوچەی کەنداو و مەترسییەکانی لەناوچوونی ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێران، هەروەها داوای وتوێژیان کرد لەنێوان هەموو لایەنەکاندا.
ئەو سێ وڵاتە ئەوروپاییە لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا وتیان دوای ئەوەی ئەمەریکا سزاکانی سەپاندەوە بەسەر ئێراندا و تارانیش بڕیاری دا پابەند نەبێت بە بەرپرسیارێتیەکانی بەپێی ڕێکەوتنەکە، ئێستا ئەگەری هەیە ڕێکەوتنەکە لەناوبچێت.
لە بەیاننامە هاوبەشەکەدا کە ئۆفیسی سەرۆکی فەڕەنسا بڵاویکردەوە نووسراوە" پێویستە بەهۆی ئەو مەترسییانەوە هەموو لایەنەکان کۆببنەوە و چیتر ئەو ڕێوشوێنانە نەگرنەبەر کە دەبنە هۆی لەناوچوونی ڕێکەوتنەکە."
وتیشی " باوەڕمان وایە ئێستا کاتیەتی بەرپرسیارانە هەڵسوکەوت بکەین و بۆ ڕێگەیەک بگەڕێین گرژییەکان ڕابگرین و وتوێژەکان دەست پێبکەینەوە."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز