Accessibility links

بەڕیتانیا هەڵمەتی پێدانی ڤاکسینی دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا فراوانتر دەکات


ڕۆژی دووشەممە بەڕیتانیا هەڵمەتی پێدانی ڤاکسینی دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا فراوانتر دەکات و ئەو کەسانەش دەگرێتەوە کە تەمەنیان لەسەروو 70 ساڵەوەیە، ئەمەش لەکاتێکدا ئەوانەی دێنە وڵاتەکەوە کەرەنتین دەکرێن.

جۆرێکی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەڕیتانیا دەرکەوت و بەپێی بەرپرسانی تەندروستی لە سەدا 70 خێراتر لە جۆرە کۆنەکەی کۆرۆنا دەگوازرێتەوە، لە ئەوروپاشدا بەڕیتانیا زۆرترین حاڵەتی گیان لەدەستدانی بەهۆی ڤایرۆسەکەوە تۆمارکردووە.

دوای ئەوەی حکومەتەکەی سەرۆک وەزیری وڵاتەکە بۆریس جۆنسن لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکەوە ڕەخنەی توندی ئاڕاستەکرا لەسەر ئەوەی درەنگ ڕێوشوێنەکانی کەرەنتین کردنی گرتۆتەبەر، لە ئێستادا سەنگی خستۆتەسەر پێدانی ڤاکسینەکە بە سەرجەم هاوڵاتیانی، ئەمەش بەهیوای ئەوەی لە سەرەتای مانگی سێدا ڕەوشی وڵاتەکە ئاسایی ببێتەوە.

لە سەرەتای دەستپێکردنی هەڵمەتی پێدانی ڤاکسینەکەوە لە مانگی دوانزەدا تاوەکو ئێستا زیاتر لە 3,8 ملیۆن کەس لە بەڕیتانیا یەکەم بەشە ڤاکسینیان پێدراوە.

لە قۆناغی یەکەمدا ئەوانەی تەمەنیان لەسەروو 80 ساڵەوەیە ڤاکسینەکەیان پێدرا، هاوکات کارمەندانی تەندروستیش ڤاکسینەکەیان وەرگرت و لە ڕۆژی دووشەممەوە هەڵمەتەکە فراوانتر دەبێت.

وەزارەتی تەندروستی بەڕیتانیا لە بەیاننامەیەکدا وتی ناوەندەکانی پێدانی ڤاکسینی دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە توانایاندا هەیە ڤاکسینەکە بدەن " بەوانەی تەمەنیان لەسەروو 70 ساڵەوەیە."

پلانی حکومەتی بەڕیتانیا ئەوەیە تاوەکو مانگی دوو ڤاکسینەکە بە چوار کۆمەڵە خەڵک درابێت کە 15 ملیۆن کەس دەگرێتەوە.

سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن پێشوازی لەم هەنگاوە کرد و وتی " هەنگاوێکی گرنگە لە پڕۆگرامەکەمان بۆ پێدانی ڤاکسینەکە کە لە ئێستادا بۆ ملیۆنان کەسی دیکە بەردەستە."

وەزیری تەندروستی وڵاتەکە مات هانکۆک ئاماژەی بەوەدا تاوەکو ئێستا نیوەی ئەوانەی تەمەنیان لەسەروو 80 ساڵەوەیە ڤاکسینەکەیان پێدراوە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG