Accessibility links

تایمز: بەڕیتانیا ئامادەکاری دەکات بۆ قەدەغەکردنی گشتی هاتوچۆی کۆمەڵایەتی لە باکوور بەڕیتانیا


سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن
سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن

ڕۆژنامەی تایمز ئاماژەی بەوەدا حکومەتی بەڕیتانیا بەنیازە قەدەغەکردنی گشتی هاتوچۆی کۆمەڵایەتی لە زۆرینەی ناوچەکانی باکووری بەڕیتانیا بسەپێنێت و پێدەچێت لە لەندەنیش هەمان ڕێوشوێن بگیردرێتەبەر، ئەمەش لەپێناو بەرپەرچدانەوەی شەپۆلی دووەمی ڤایرۆسی کۆرۆنادا.

لە ڕاپۆرتەکەی تایمزدا هاتووە بەپێی ڕێوشوێنە نوێیەکان کە لە ئێستادا تاوتوێ دەکرێن فەرمان دەردەکرێت بە داخستنی هەموو یانە شەوانەکان و ڕێستۆرانتەکان بۆ ماوەی دوو هەفتە.

لە ماوەی ڕابردوودا سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن وتی هەر داخستنێکی گشتی دیکە دەبێتە هۆی هەڕەشە بۆ سەر کارەکان و قوتی خەڵک و پەیوەندییەکانی نێوان هاوڵاتیان.

هەروەها ڕاپۆرتەکە باس لەوەش دەکات تاوەکو ماوەیەکی نادیار ڕێگە نادرێت خێزانەکان لە شوێنێکی داخراودا کۆببنەوە ئەگەر زۆر پێویست نەبێت.

هەفتەی ڕابردوو بەڕیتانیا ڕێکاری نوێی گرتەبەر و تیایدا هاوڵاتیانی ناچار کرد تاوەکو دەتوانن لە ماڵەکانیانەوە کارەکانیان جێبەجێ بکەن و هەروەها فەرمانی بە ڕێستۆرانت و یانەکان کرد زووتر لە کاتی خۆیان شوێنەکانیان دابخەن، ئەوەش لەپێناو بەرپەرچدانەوەی شەپۆلی دووەمی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە زۆر بەخێرایی لە وڵاتەکەدا بڵاودەبێتەوە.

ڕۆژنامەکە لە زاری سەرچاوەیەکی حکومییەوە بڵاویکردەوە قوتابخانەکان و ئەو کارگە و ئۆفیسانەی کە کارمەندەکانیان ناتوانن لە ماڵەوە کارەکانیان جێبەجێ بکەن بەکراوەیی دەمێننەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG