Accessibility links

بەڕیتانیا داوای 250,000 خۆبەخش دەکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا


وەزیری تەندروستی بەڕیتانیا مات هانکۆک
وەزیری تەندروستی بەڕیتانیا مات هانکۆک

ڕۆژی سێسەممە لە یەکەم ڕۆژی قەدەغەکردنی هاتوچۆدا لە لەندەن ژمارەی گیان لەدەستدانەکان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بەڕێژەیەکی بەرچاو زیادیکرد، ئەمەش لەکاتێکدا حکومەت داوای 250,000 خۆبەخش دەکات تاوەکو یارمەتی خزمەتگوزاری تەندروستی نیشتیمانی بدەن لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا.

هەروەها حکومەتی بەڕیتانیا ڕاشیگەیاند هەفتەی داهاتوو نەخۆشخانەیەکی کاتی لە لەندەن دەکرێتەوە.

سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن ڕۆژی دووشەممە لە وتارێکدا فەرمانی بە بەڕیتانیەکان کرد لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە و هەروەها وتی زۆرینەی دوکانەکان دادەخرێن و بۆنە و کۆبوونەوەکانی قەدەغە کرد.

ژمارەی گیان لەدەستدانەکان لە بەڕیتانیا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە ماوەی یەک ڕۆژدا لە87 کەسەوە بەرزبۆوە بۆ 422 کەس.

ڕێوشوێنەکانی بۆریس جۆنسن بۆ ئەوەیە ئەو فشارەی کەوتۆتە سەر خزمەتگوزاری تەندروستی نیشتیمانی بەڕیتانیا کەم ببێتەوە کە کەمی هەیە لە ژمارەی کارمەندانی تەندروستیدا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە.

وەزیری تەندروستی بەڕیتانیا مات هانکۆک بە پەرلەمانی وت " ئەم ڕێوشوێنانەی گیراونەتەبەر ئامۆژگاری نین، بەڵکو یاسان و دەبێت پەیڕەو بکرێن، ئەگەر لەڕێی پۆلیسیشەوە بێت."

دواتر هانکۆک ڕایگەیاند پلان هەیە بۆ کردنەوەی نەخۆشخانەیەکی کاتی لە سەنتەری ئێکزڵ لە هەفتەی داهاتوودا.

مات وتی " بە یارمەتی سوپا و کارمەندانی خزمەتگوزاری تەندروستی نیشتیمانی دڵنیا دەبینەوە لەوەی ئەوەی لە تواناماندا بێت بیکەین تاوەکو هەمووان ئەو یارمەتیە وەرگرن کە پێویستیانە."

مات داوای 250,000 خۆبەخشی کرد بۆ یارمەتیدانی خزمەتگوزاری تەندروستی نیشتیمانی و ئەرکەکانیان ئەمانە دەبێت : گەیاندنی دەرمان بۆ نۆرینگەکان و گواستنەوەی نەخۆشەکان بۆ نەخۆشخانە و پەیوەندیکردن بەو هاوڵاتیانەوە کە لە ماڵەکانیاندا ماونەتەوە تاوەکو بزانن پێویستیەکیان دەوێت یاخود نا.

مات وتی " ئەگەر باشیت و توانات هەیە بە پارێزراوی ئەمانە بکەیت ئەوا ئەمڕۆ ناوی خۆت تۆمار بکە تاوەکو یارمەتی ئەو کەسانە بدەیت کە پێویستیان بە یارمەتیە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG