Accessibility links

بەڕیتانیا بە یەکێتی ئەوروپا دەڵێت ئامادەیە بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتنێک بۆ جیابوونەوە


سەرچاوەیەکی باڵای حکومەتی بەڕیتانیا وتی بەڕیتانیا " ئامادەیە و ئارەزووی " گەیشتن بە ڕێکەوتنێک دەکات بۆ جیابوونەوە لە یەکێتی ئەوروپا، ئەمەش دوای ئەوەی ڕۆژنامەیەک ئاماژەی بەوەدا سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن هەوڵی جیابوونەوە دەدات بەبێ هیچ ڕێکەوتنێک.

جۆنسن کە دوو هەفتە لەمەوبەر بووە سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا، هەڵوێستێکی توندی پەیڕەوکردووە بەرامبەر یەکێتی ئەوروپا و داوای لە یەکێتیەکە کردووە ئامادەی خۆیان نیشان بدەن بۆ گۆڕینی ئەو ڕێکەوتنەی کە سەرۆکی پێشووی وڵاتەکە تێریزا مەی لەگەڵ یەکێتیەکەدا واژۆی کردووە.

هەروەها جۆنسن جەختی لەوە کردەوە بەڕیتانیا خۆی ئامادە دەکات بۆ جیابوونەوە لە یەکێتیەکە بەبێ هیچ ڕێکەوتنێک، ئەمەش لەکاتێکدا ئەگەر بڕۆکسل ڕەتی بکاتەوە دووبارە وتوێژ لەسەر ڕێکەوتنی جیابوونەوەکە بکەنەوە.

ڕۆژنامەی گاردیان لە زاری دیبلۆماتکارانی ئەوروپییەوە بڵاویکردەوە یەکێتیەکە پێی وایە جیابوونەوە بەبێ ڕێکەوتن " سیناریۆی سەرەکیی حکومەتی بەڕیتانیایە."

بەڵام سەرچاوەیەکی حکومی بەڕیتانیا وتیئەوە ڕاست نیە و پێویستە لەسەر یەکێتی ئەوروپا بزانێت جۆنسن ناتوانێت جارێکی دیکە پێشنیاری ئەو ڕێکەوتنە بکاتەوە کە پەرلەمانی بەڕیتانیا سێ جار ڕەتیان کردۆتەوە و بووە هۆی ئەوەی سەرۆک وەزیری پێشوو تێریزا مەی دەست لەکارەکەی بکێشێتەوە.

سەرچاوەکە وتی " ڕێکەوتنێکمان دەوێت. شتێکی ناخۆشە ئەوان نایانەوێت وتوێژمان لەگەڵدا بکەن."

وتیشی " ڕاستی ئەوەی کە ئەو ڕێکەوتنە سێ جار لەلایەن پەرلەمانی بەڕیتانیاوە ڕەت کراوەتەوە ئەوە دەگەیەنێت کە دەبێت یەکێتی ئەوروپا ئامادە بن بۆ دووبارە وتوێژکردنەوە لەپێناو گەیشتن بە ڕێکەوتنێک. ئێمە ئامادەی ئەوەین و ئارەزوومان لێیەتی."

جۆنسن لە ماوەی ڕابردوود اوتی بەڕیتانیا لە 31 ی مانگی 10دا لە یەکێتی ئەوروپا جیا دەبێتەوە، بە ڕێکەوتن بێت یاخود بەبێ ڕێکەوتن.

وتەبێژی یەکێتی ئەوروپا ڕۆژی سێشەممە وتی کۆمسیۆنی ئەوروپا ئامادەیە لە هەفتەکانی داهاتوودا باس لە جیابوونەوەی بەڕیتانیا بکات.

کۆمسیۆنی ئەوروپا دەڵێت هیوادارە بەڕیتانیا خۆی بەدووربگرێت لە جیابوونەوە بەبێ ڕێکەوتن، بەڵام یەکێتیەکە ئامادەیە بۆ ئەو جۆرە ئەنجامە.

وتەبێژەکە وتی " کۆمسیۆن هێشتا بەردەستە لەحاڵەتێکدا ئەگەر بەڕیتانیا بیەوێت گفتوگۆ بکات سەبارەت بە ڕوونکردنەوەی هەڵوێستی خۆیان بە وردی، لەڕێی پەیوەندیی تەلەفونییەوە بێت یاخود کۆبوونەوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG