Accessibility links

بەڕیتانیا پێدانی ڤاکسین بە 15 ملیۆن کەس پشتڕاست دەکاتەوە


سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن ڕایگەیاند ژمارەی ئەو کەسانەی کە ڤاکسینی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنایان لە بەڕیتانیا وەرگرتووە 15 ملیۆنی تێپەڕاندووە.

بەڕیتانیا جەختی لەوە کردەوە ئامانجی ئەوە بووە تاوەکو مانگی دوو ڤاکسینەکە بدرێت بەو کەسانەی پێویستیانە و لە ئێستادا ئامانجەکەی پێکاوە.

جۆنسن لە تویتەر نوسیویەتی " ئەمڕۆ گەیشتینە خاڵێکی گرنگ لە بەرنامەی بەهێزکردنی نیشتیمانی لە بەڕیتانیا." وتیشی " ئێستا زیاتر لە 15 ملیۆن کەس یەکەم بەشە ڤاکسینی دژ بە کۆڤیدیان وەرگرتووە."

لیژنەی خزمەتگوزاری تەندروستی نیشتیمانی بەڕیتانیا وتی لە ئێستادا بەڕیتانیا ئامادەکاری دەکات بۆ قۆناغی دووەمی پێدانی ڤاکسینەکە، ڕۆژی دووشەممە ڤاکسینەکە دەدرێت بەو کەسانەی تەمەنیان لە نێوان 65 بۆ 69 ساڵدایە و پێویستیان بە ڤاکسینەکەیە.

وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا دۆمێنیک ڕاب وتی ئێستا وڵاتەکە سەنگ دەخاتە سەر ئەوەی تاوەکو مانگی پێنج سەرجەم ئەو هاوڵاتیانەی تەمەنیان لە 50 ساڵ زیاترە ڤاکسینەکە وەربگرن، هەروەها تاوەکو مانگی نۆش سەرجەم هاوڵاتیانی پێگەیشتوو ڤاکسینەکە وەربگرن.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG