Accessibility links

ئیماڕات ڕەتی دەکاتەوە هەوڵیدابێت یارمەتی سەرۆک ترامپ بدات بۆ سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکاندا


ئەنوەر قەرقاش
ئەنوەر قەرقاش

وەزیری دەرەوەی ئیماڕات ئەنوەر قەرقاش وتی وڵاتەکەی هەوڵی نەداوە کاریگەری بخاتە سەر هەڵبژاردنی سەرۆک ترامپ بۆ سەرۆکی ئەمەریکا، ئەمەش لە وەڵامی ڕاپۆرتێکدا کە تیایدا هاتووە دەڵێت کوڕی سەرۆک ترامپ چاوی کەوتووە بە نوێنەرێکی سعودیە و ئەبوزەبی.

ئەنوەر قەرقاش لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویەتی " دەبێت ئاگاداری ڕاستیەکان بین کاتێک پێشبێنی دەکرێت، ئیماڕات بە هیچ شێوەیەک هەوڵی نەداوە کار بکاتە سەر هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2016 ی ئەمەریکا."

وتیشی " وەکو هەر دەوڵەتێکی دیکەی هاوڕێی ئەمەریکا ، بەرپرسانی ئیماڕاتی پەیوەندییان کردووە بە کارمەندان و ڕاوێژکارانی هەردوو کەمپینی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکاوە بۆ گۆڕینەوە زانیاری سەبارەت بە هەڵوێستی سیاسەتی دەرەوەی کاندیدەکان."

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز ئاماژەی بەوەدا لە مانگی هەشتی ساڵی 2016 دا کۆبوونەوەیەک ئەنجامدراوە و تیایدا پیاوی کاری لوبنانی-ئەمەریکی جۆرج نادر بە تڕامپی کوڕ ی وتووە وڵاتانی کەنداوی عەرەبی سوورن لەسەر ئەوەی یارمەتی باوکی بدەن تاوەکو لە هەڵبژاردنەکاندا سەربکەوێت.

پارێزەری کوڕەکەی سەرۆک ترامپ وتی کۆبوونەوەکە هیچ ئەنجامێکی نەبووە.

پارێزەرەکەی نادر وتی " نادر بەتەواوەتی یارمەتی ئەو لێکۆڵینەوەیەی داوە کە لێکۆڵەرەوەی تایبەتی ئەمەریکی ئەنجامی دەدات و بەرەوامیش دەبێت لەو کارە."

جێی ئاماژەیە لێکۆڵەرەوەی تایبەت ڕابەرت موڵەر لێکۆڵینەوەیەک دەکات سەبارەت بەو هەواڵانەی کە گوایە ڕوسیا دەستی وەرداوەتە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکاوە.

سەرۆک ترامپیش ڕەتی دەکاتەوە هیچ بەریەککەوتنێکی هەبووبێت لەگەڵ ڕوسیادا.

ڕاپۆرتەکەی نیویۆرک تایمز ئاماژە بەوە دەدات کە وڵاتانی دیکەش بێجگە لە ڕوسیا لەوانەیە یارمەتیان پێشکەشی سەرۆک ترامپ کردبێت لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG