Accessibility links

سعودیە و ئیماڕات وەکو یارمەتییەک لە مانگی ڕەمەزاندا 200 ملیۆن دۆلار پێشکەشی یەمەن دەکەن


ئیماڕات ڕایگەیاند سعودیە و ئیماڕات کە ڕابەرایەتی هاوپەیمانێتیەک دەکەن دژی حوثییەکانی سەر بە ئێران لە یەمەن 200 ملیۆن دۆلار وەکو یارمەتی پێشکەشی یەمەن دەکەن لە مانگی ڕەمەزاندا.

وەزیری کاروباری هاریکاری نێودەوڵەتی ئیمارات ڕەیم هاشمی لە ئەبوزەبی بە ڕۆژنامەنووسانی وت سعودییەکان و ئیماڕاتییەکان لەگەڵ ڕێکخراوە مرۆییەکاندا کار دەکەن بۆ دابەشکردنی یارمەتییەکان بۆ ئەو ناوچانەی کە لەژێر دەسەڵاتی هەردوولای جەنگی یەمەندان کە ماوەی چوار ساڵە بەردەوامە.

یارمەتییەکان بەشێکن لەو پارەیەی کە وەکو یارمەتییەک دەدرێت بە یەمەن و لە مانگی 11ی ساڵی ڕابردوودا ڕاگەیەندرا، بڕی پارەکەش 500 ملیۆن دۆلارە.

ئیماڕات ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە ململانێکانی یەمەندا لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی سەربازیی بە ڕابەرایەتی سعودیە دژی حوثییەکانی یەمەن کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانیان لێدەکرێت، هاوپەیمانێتیەکە لە ساڵی 2015 دا چووە ناو جەنگی یەمەنەوە بەمەبەستی یارمەتیدانی حکومەتی یەمەن و گەڕاندنەوەی سەرۆکی یەمەن عەبد ڕەبە مەنسوور بۆ سەر دەسەڵات.

ئامارەکانی وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە دەدەن ئیماڕات لە ماوەی نێوان مانگی نیسانی ساڵی 2015 ەوە تاوەکو مانگی دوانزەی ساڵی 2018پێنج ملیۆن دۆلاری تەرخانکردووە بۆ یارمەتییە مرۆییەکان و وزە و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان لە یەمەن.

هەروەها گەورەترین سوودمەند لەنێو ڕێكخراوە نێودەوڵەتیەکاندا بەرنامەی خۆراکی جیهانییە کە 287 ملیۆن دۆلاری وەکو یارمەتی لە ئیمارات وەرگرتووە.

جەنگی یەمەن بووە هۆی کوژرانی دەیان هەزاران هاوڵاتی یەمەنی، هەندێکیان بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانێتی سەربازییەوە. هەروەها دەیان ملیۆن هاوڵاتی یەمەنی ڕووبەڕووی برسێتی کردۆتەوە، لەو کاتەوەی جەنگ لە یەمەن دەستی پێکردووە، وڵاتەکە ڕووبەڕووی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرا بۆتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG