Accessibility links

وەزیری کاروباری دەرەوەی ئیمارات ڕەتی دەکاتەوە وڵاتەکەی سیخوڕی بەسەر ئەمەریکییەکانەوە کردبێت


وەزیری دەوڵەتی ئیمارات بۆ کاروباری دەرەوە ئەنوەر قەرقاش

وەزیری دەوڵەتی ئیمارات بۆ کاروباری دەرەوە ئەنوەر قەرقاش ڕەتی کردەوە وڵاتەکەی سیخوڕی بەسەر وڵاتانی هاوڕێ یاخوود هاوڵاتیانی ئەمەریکی کردبێت لە بەرنامەی سیخوڕی ئەلیکترۆنیدا.

لە دەرەنجامی لێکۆڵینەوەیەکدا کە ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە ئاماژە بەوە دراوە ئیماڕات کۆمەڵێک خانەنشینی ئەمەریکی لە بواری هەواڵگریدا بەکارهێناوە لە ئەرکەکانی سیخوڕی ئەلیکترۆنیدا بۆ سیخوڕیکردن بەسەر وڵاتان و ئۆپۆزسیۆن و چالاکەوانەکانی مافی مرۆڤدا. خانەنشینەکان کە پێشتر ئەفسەری هەواڵگری بوون، لایەنی سەرەکی بوون لەو بەرنامە سیخوڕییەدا کە پێی دەوترێت پڕۆژە ڕیفین.

ئەفسەرانی پێشوی هەواڵگری و بەڵگەنامەکانی بەرنامەکە ئاماژە بەوە دەدەن کە سیخوڕیکردنەکە ئەمەریکییەکانیش و تەلەفونە تایبەتییەکانی کارمەندانی باڵیۆزخانەکانی فەڕەنسا و ئوستڕاڵیا و بەڕیتانیاشی گرتۆتەوە.

کاتێک ڕۆژنامەنووسان لە نیویۆرک سەبارەت بە پڕۆژەکە پرسیاریان لە قەرقاش کرد، لە وەڵامدا دانینا بەوەدا کە وڵاتەکەی توانای ئەلیکترۆنی هەیە بەڵام ڕەتی کردەوە هاوڵاتیانی ئەمەریکی و وڵاتانی هاوڕێی وڵاتەکەی کردبێتە ئامانج.

وتیشی " ئێمە لە بەشێکی زۆر قورسی جیهاندا دەژین. پێویستە لەسەرمان پارێزگاری لە خۆمان بکەین. ئێمە وڵاتانی هاوڕێ و هاوڵاتیانی ئەمەریکی ناکەینە ئامانج."

هەردوو باڵیۆزخانەی فەڕەنسا و بەڕیتانیا لە واشنتن ڕەتیان کردەوە لێدوان بدەن. بە هەمان شێوە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئوستڕاڵیاش ڕەتی کردەوە لێدوان بدات. هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاش بە هەمان شێوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG