Accessibility links

نوێنەرانی ئەمەریکا 8.3 ملیار دۆلار بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا پەسەند دەکەن


ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا پـرۆژە بڕیارێکی پەسەندکرد بۆ تەرخانکردنی 8.3 ملیار دۆلار بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشی کۆرۆنا، ئەوەی هەتا ئێستا بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی 11 کەس لە ئەمەریکا لە کۆی 154 کەس کە تووشی بوون.

ئەنجومەنی نوێنەران بە دەنگی 415ئەندام بەرامبەر 2 ئەندام پـرۆژە بڕیارەکەی پەسەندکرد. ئەم بڕە پارەیە زۆر زیاترە لەوەی سەرۆک ترامپ لە کۆنگرێسی داواکردبوو کە 2.5 ملیار دۆلار بوو.

ئەندامانی هەردوو پارتی کۆماری و دیموکرات پشتیوانی لە پـرۆژەکە دەکەن.

بڕیارە سبەی ئەنجومەنی سینات تاووتوێی پـرۆژە بڕیارەکە بکات و پـێشبینی دەکرێت لەوێش پەسەندبکرێت تاوەکو ڕەوانەی بەردەم سەرۆک ترامپ بکرێت و ئەویش واژوی بکات و ببێتە بڕیار.

پـێشتر سەرۆک ترامپ گوتویەتی ئەگەر کۆنگرێس لەو بڕە پارەیەی داوایکردووە زیاتر تەرخان بکات، ئەو لاری نیـیە.

بەپـێی پـرۆژە بڕیارەکە پارەکە تەرخان دەکرێت بۆ یارمەتیدانی ویلایەتەکان و حکومەتی فیدراڵی لە هەوڵەکانیان بۆ قەڵاچۆکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا و هەروەها بۆ دروستکردنی کوتان (ڤاکسین) و دابینکردنی بۆ ئەمەریکایـیەکان.

خانم نیتا لۆوی دیموکرات سەرۆکی کۆمیتەی دابینکردنی بوجە لە ئەنجومەنی نوێنەران گوتی" دەبێت بە خێرایی بڕیارەکە دەربکەین، ژیانی خەڵکی لە مەترسیدایە."

بەر لە دەنگدانەکە بە ماوەیەکی کورت، 4 ڕێبەری دیموکرات و کۆماری نێو کۆنگرێس لە پـلانێکی نهێنی بۆ کۆنگرێس ئاگادارکرانەوە ئەگەر نەخۆشیـیەکە لە واشنتن بڵاوبوویەوە.

جێی ئاماژەیە واشنتن بەو پـێـیەی پایتەختە، بەردەوام خەڵکی لە ویلایەتەکانی دیکە و سەرانسەری جیهان سەردانی دەکەن. تەنیا بینای کۆنگرێس ساڵانە نزیکەی 3 ملیۆن کەس سەردانی دەکەن.

سەرچاو/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG