Accessibility links

کوژرانی دوو سەربازی ئەمەریکی لە ئەفغانستان


ئەرکەکەی هاوپەیمانێتی ناتۆ لە ئەفغانستان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند ڕۆژی چوارشەممە دوو سەربازی ئەمەریکی لە ئەفغانستان کوژراون.

بەڵام ئاماژەیان بە وردەکاریەکان نەدا و ناوی دوو سەربازەکەشیان ئاشکرا نەکرد تا ئەو کاتەی بە خێزانەکانیان نەوترێت.

بەپێی ڕاپۆرتەکانی حکومەتی ئەمەریکا و هاوپەیمانێتی ناتۆ، بە کوژرانی ئەم دوو سەربازە ئەمەریکییەوە ژمارەی کوژراوانی سەربازانی ئەمەریکی لەم ساڵدا لە ئەفغانستان گەیشتە شەش کەس و لە ساڵی 2015 ەوە تا ئێستا بەلایەنی کەمەوە 65 سەربازی ئەمەریکی کوژراون.

کوژرانی ئەم دوو سەربازەی ئەمەریکا دوای کەمتر لە 24 کاتژمێر دێت لە گەیشتنی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمپیۆ بۆ کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان، ئەمەش لە سەردانێکدا کە پێشتر ڕانەگەیەندراوە و لەمیانەی سەردانەکەدا پەمپیۆ لەگەڵ سەرۆکی ئەفغانستاندا گفتوگۆیان لەسەر هەوڵەکانی ئاشتی و ئاسایشدا کردووە.

پەمپیۆ وتی هیوادارە بگەن بە ڕێکەوتنێکی ئاشتی لەگەڵ تاڵیباندا پێش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەفغانستان. خولی حەوتەمی دانوستانەکانی ئاشتی نێوان ئەمەریکا و تاڵیبان لە 29 ی مانگی شەشدا دەست پێدەکاتەوە و ئامانج لێی کۆتای هێنانە بە جەنگی 18 ساڵە ئەفغانستان.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG