پۆلیس دەڵێت بەهۆی تەقینەوەیەکەوە لە گوندێکی بەشی کشمیری هیندستان دوو منداڵ گیانیان لە دەستداوە و پێنج هاوڵاتی مەدەنی دیکە بریندار بوون، ئەمەش ڕۆژێک ئەوەی چەند چەکدارێک تەقەیان لە چەند ماڵێک کرد و لانیکەم چوار کەس کوژران.
تەقینەوەکە لە نزیک یەکێک لەو ماڵانە بوو کە شەوی ڕابردوو لە گوندی دهانگری لە باشووری ناوچەی ڕاجوری کرایە ئامانج. منداڵێکی کوڕی تەمەن 5 ساڵ و کچێکی تەمەن 12 ساڵ بەهۆی تەقینەوەکەوە گیانیان لە دەستدا. بریندارەکانیش گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
ئەفسەری پۆلیس موکیش سینگ بە ڕۆژنامەنووسانی وت شەوی یەکشەممە دوو چەکدار کوێرانە تەقەیان لە سێ ماڵ کردووە لە دهانگری. وتی چوار هاوڵاتی مەدەنی کوژراون و پێنج هاوڵاتی دیکە بریندار بوون.
پۆلیس بەرپرسیارێتی هێرشەکانی خستە ئەستۆی ئەو چەکدارانەی کە دژی فەرمانڕەوایی هیندستان لەو بەشەی کشمیر شەڕ دەکەن، ناوچەی دهانگریش دەکەوێتە نزیک هێڵی کۆنتڕۆڵەوە کە هەرێمی کشمیر لە نێوان هیندستان و پاکستاندا دابەش دەکات.
پۆلیس و سەربازەکانی هیندستان بەپەلە گەیشتوونەتە ناوچەکە و گەڕاون بە دوای چەکدارەکاندا.
دهانگری گوندێکە کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی هیندون و سەرجەم قوربانییەکانیش هیندو بوون.
سەدان کەس لە دهانگری کۆبوونەوە و ناڕەزاییان دژی کوشتنەکان دەربڕی، دروشمیان دەوتەوە و سەرکۆنەی هێرشبەرەکانیان کرد. تەرمی قوربانییەکانیشیان لە گۆڕەپانی سەرەکی ناوچەکدا ڕیز کردبوو و ڕەتییان کردەوە بیانسوتێنن لە کاتێکدا داوایان دەکرد کارگێڕی باڵای نیودەلهی لە ناوچەکەدا ، مانۆی سینها، سەردانی گوندەکەیان بکات.
دەیان کەسی دیکەش لە شاری جامووی باشووری هیندستان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، سینهاش سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و بە " هێرشێکی تیرۆریستی ترسنۆکانە " ناویبرد.
وتی " دڵنیاتان دەکەمەوە ئەوانەی لە پشت ئەم هێرشە قێزەونەوە بوون بەبێ سزا دەرناچن."
دواتر سینها سەردانی گوندەکەی کرد و چاوی بە خێزانی قوربانییەکان کەوت.
جێی ئاماژەیە هەریەک لە هیندستان و پاکستان بانگەشەی ئەوە دەکەن کشمیر بەشێکە لە خاکی خۆیان. کشمیر دابەش بووە بەسەر دوو بەشدا، بەشێکیان لە ژێر کۆنتڕۆڵی هیندستاندایە و بەشەکەی دیکەیان لە ژێر کۆنتڕۆڵی پاکستاندایە.
لە ساڵی 1989 ەوە یاخیبوانی بەشەکەی کشمیری هیندستان دژی دەسەڵاتی هیندستان شەڕ دەکەن. زۆربەی موسوڵمانەکانی کشمیر پشتیوانی لە ئامانجی یاخیبووان دەکەن بۆ یەکخستنەوەی هەرێمەکە: یان ئەوەتا لە ژێر دەسەڵاتی پاکستاندا بێت یاخود دەوڵەتێکی سەربەخۆ بێت.
هیندستان دەڵێت یاخیبوونە چەکدارییە تیرۆریستییەکەی کشمیر لەلایەن پاکستانەوە سپۆنسەر کراوە. پاکستان ئەو تۆمەتە ڕەت دەکاتەوە و زۆرینەی دانیشتوانی کشمیریش وەکو خەباتێکی ڕەوا بۆ سەربەخۆیی سەیری دەکەن. بەهۆی ئەم ململانێیەشەوە دەیان هەزاران هاوڵاتی مەدەنی و چەکدارانی یاخیبووان و سەربازانی حکومەت کوژراون.
سەرچاوە/ AP