Accessibility links

لەکارلابردنی هەردوو وەزیری ناوخۆ و دادی ئەردەن لەسەر پێشێلکردنی ڕێوشوێنەکانی کۆرۆنا


هەردوو وەزیری ناوخۆ و دادی ئەردەن لەکارەکانیان دوورخرانەوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی ئامادەی ئاهەنگی ئێوارەخوانێک بوون لە چێشتخانەیەک کە ئەوەش بە پێشێلکردنی ئەو ڕێوشوێنانە دادەنرێت کە بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا سەپێندراون.

چەند ڕۆژێک دوای ڕاگەیاندنی ڕێوشوێنە نوێیەکان بۆ ڕێگریکردن لە شەپۆلی ڤایرۆسە نوێیەکە کە ماوەی چەند مانگێکە بەردەوامە، سەرۆک وەزیری ئەردەن بەشر خەزاونە دەستلەکاركێشانەوەی وەزیری ناوخۆ سەمیر موبیزین و وەزیری داد بەسام تەلهۆنی پەسەند کرد.

هەردوو وەزیرەکە لە چێشتخانەیەکی گشتی دەرکەوتن، بێگوێدانە ڕێوشوێنەکانی دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی، ئەمەش بووەی هۆی توڕەبوونی هاوڵاتیان لەسەر ئەوەی وەکو خۆیان دەڵێن غەرامەیەکی زۆر دەکرێن لەسەر پێشێلکردنی ڕێوشوێنەکان لەکاتێکدا بەرپرسان لێپێچینەوەیان لەگەڵدا ناکرێت.

لە هەفتەکانی ڕابردوودا پۆلیسی وڵاتەکە دەیان کەسی بەهۆی پێشێلکردنی فەرمانەکانی مانەوە لە ماڵەوە دەستگیرکردووە. سەدان دوکان و کۆمپانیاش داخران.

ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو ئەردەن قەدەغەکردنی هاتوچۆی لە نیوەی شەوەوە تاوەکو کاتژمێر 10 ی بەیانی ڕاگەیاند، بۆ ئەو مەبەستەش سەدان سەربازی لە خاڵەکانی پشکنین بڵاوکردۆتەوە.

بەرپرسانی ئەردەن دەڵێن هۆکاری سەرەکی نوێترین شەپۆلی توشبووان پێشێلکردنی کۆتوبەندەکانی سەر هاتوچۆیە لەلایەن خەڵکەکەوە.

بەپێی یاسا نوێیەکان، هەرکەسێک دەمامک لە شوێنە گشتیەکاندا نەبەستێت ئەوا نزیکەی 140 دۆلار غەرامە دەکرێت.

تاوەکو ئێستا 380,268 حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەردەن تۆمارکراوە، 4627 حاڵەتی گیان لەدەستدانیش هەبووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG