Accessibility links

دوو زیندانی پێشووی گوانتانامۆ دەگەڕێنەوە بۆ ئەفغانستان


ئازادکردنی زیندانییەکانی گوانتانامۆ بەی لەلایەن ئەمەریکاوە
ئازادکردنی زیندانییەکانی گوانتانامۆ بەی لەلایەن ئەمەریکاوە

دوو زیندانی پێشوو کە تاوەکو ساڵی 2017 لە گرتووخانەی گوانتانامۆ بەی ئەمەریکا زیندانی کرابوون ڕۆژی دووشەممە گەڕانەوە بۆ ئەفغانستان، دوای زیاتر لە 20 ساڵ زیندانیکردنییان ئازاد کران.

دوو کەسەکە لە نێو ئەو سەدان چەکدارە گومانلێکراوەدا بوون کە هێزەکانی ئەمەریکا لە چوارچێوەی " جەنگەکەی دژی تیرۆر " دەستگیری کردبوون و لە زیندانێکی نهێنیدا لە کوبا زیندانی کردبوون.

کوڕی یەکێک لە زیندانییەکان، محەمەد عوسمان و کارمەندانی فڕۆکەخانە دەڵێن عەبدول کەریم و عەبدول زاهیر بەیانی زووی ڕۆژی دووشەممە لە عومانەوە گەیشتوونەتە کابوڵ، لە ساڵی 2017 دا ئەمەریکا دوو زیندانییەکەی گواستەوە بۆ عومان و لەو کاتەوە لەوێن و لە ماڵەکانی خۆیاندا دەستبەسەر بوون.

عوسمانی کوڕی زاهیر وتی " سوپاس بۆ خودا و هەوڵەکانی ڕابەرانی ئیماڕاتی ئیسلامی ' تاڵیبان '، ئەو گەڕایەوە بۆ وڵاتەکە."

بەرپرسانی ئەمەریکا ڕووبەڕووی تۆمەتی ئەوە ببوونەوە کە ئەشکەنجەی زیندانییەکانی ناو گوانتانامۆ بەییان داوە، زۆرێک لە زیندانییەکان بەبێ تۆمەت یاخود بەبێ دەسەڵاتێکی یاسایی لەو زیندانەدا هێڵدرابوونەوە.

زۆربەری زیندانییەکانی زیندانە سەربازییەکان لە ماوەی چەندین ساڵی ڕابردوودا ئازاد کراون، بە ڕابەرانی باڵای تاڵیبانیشەوە.

عوسمان وتی " زۆر دڵخۆشم. بەیانی کە هەستام وامزانی جەژنە."

کەریم و زاهیر هەردووکییان بە دەزگای ڕاگەیاندنی حوڕیەتییان وت زۆر سەرسام بوون بە دڵخۆشی گەڕانەوەیان.

کەریم وتی " سوپاس بۆ خودا لە کاتێکدا گەڕامەوە بۆ وڵاتەکەم کە سیستمێکی ئیسلامی تێدایە و ئاشتی لە ئەفغانستاندا هەیە."

بەپێی وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستانی تاڵیبان عەبدول مەتین قانی و بەڵگەنامەکانی ئەمەریکا، زاهیر لە ساڵی 2002 دا خرایە زیندانی گوانتانامۆوە، ساڵی دوای هێرشەکانی 11 ی مانگی سێپتێمبەری ساڵی 2001 سەر ئەمەریکا.

کەریم لە ساڵی 2003 دا گەیشتووەتە گوانتانامۆ و پێش ئەوەش لە پاکستان دەستگیرکراوە و زیندانی کراوە، دواتر ڕادەستی ئەمەریکا کراوە.

قانی وتی کەریم و زاهیر هەردووکییان بۆ ماوەی حەوت ساڵ لە عومان لە ژێر چاودێریدا بوون و ڕێگەیان پێنەدراوە گەشت بکەن.

وتی " بەهۆی هەوڵەکانی ئیماڕاتی ئیسلامی ئەفغانستانەوە، ئەو کۆتوبەندانەی خراونەتە سەرییان لادەبرێن و دەگەڕێنەوە بۆ نیشتیمانی خۆیان."

تاوەکو ئێستا یەک زیندانی ئەفغانی لە گوانتانامۆ بەی ماوەتەوە، ئەویش محەمەد ڕەحیمە و لە مانگی یانزەدا خێزانەکەی داوایان کرد ئازاد بکرێت.

حکومەتی ئەمەریکا دەڵێت چەندین ساڵە کاردەکات بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی زیندانییەکان و دواجار داخستنی گوانتانامۆ بەی، کە دەکەوێتە سەر دوورگەی کوبا، بەڵام لە ژێر دەسەڵاتی ئەمەریکادایە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG