Accessibility links

دادوەری تورکیا داوای 252 جار سزای زیندانی هەتاهەتایی بۆ جەنەڕاڵەکانی کودەتاکە دەکات


داواکارانی گشتی لە دادوەری تورکیا ئەمڕۆ چوارشەممە داوایانکردووە ئەو جەنەڕاڵە لەشکریـیانەی بە هەوڵی کودەتاکەی مانگی 7 ی ساڵی 2016 تۆمەتبارکراون، هەر یەکەیان 252 جار سزای زیندانی هەتاهەتایی بدرێت کە دەکاتە نزیکەی 3600 ساڵ.

هەروەها داوایانکردووە ئەوانەشی تاوانبارن بە خوێن ڕشتنەکانی شەوی هەوڵی کودەتاکە سزای 55880 ساڵ، واتە پەنجاوپـێنج هەزار و هەشت‌سەدوهەشتا ساڵ، زیندانی زیاتریش بدرێن.

دادگایـیکردنی تۆمەتبارەکان لە ئەنکەرەی پایتەخت بەڕێوەدەچێت و ژمارەیان بە دەیان هەزار کەسە، لەوانە ئاکین ئۆزتورک فەرماندەی هێزی ئاسمانی پـێشوو و محەمەد دشلی برای سابان دشلی کە ئەندامێکی گەورەی ئاکەپەیە و کۆلۆنێل عەلی یازجی یاریدەری پـێشووی لەشکری ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا. ئەمانە تاوانبارکراون بەوەی سەرکرادیەتی گروپی کودەتاکەیان کردووە کە ناوی "ئەنجومەنی ئاشتی ناوخۆ"ی بۆ دانرابوو لە شەوی هەوڵی کودەتاکەدا.

میدیاکانی تورکیا، لەوانە ئاژانسی دەنگ‌وباسی دۆگان دەڵێت داوای سەپاندنی ئەم سزایانە بێ پـێشینەیە لە تورکیا.

شەوی کودەتاکە 273 کەس کوژران، لەوانە 24 کەسیان لە کودەتاچیـیەکان بوون.

XS
SM
MD
LG