Accessibility links

گومانبارانی هێرشە خوێناویەکی فڕۆکەخانەی ئەتاتورک دادگایی دەکرێن


دادگایی کردنی دەیان کەسی گومانبار لە تورکیا دەستیپێکردوە، واتە ئەوانەی لەسەر هێرشە خوێناوییەکەی ساڵی پارکرایە سەر فڕۆکەخانەی ئەستانبوڵ دەستگیرکرابوون.

46 گومانبار وەک دەگوترێت پەیوەندییان بە ڕێکخراوی تێرۆریستی دەوڵەتی ئیسلامیەوە هەیە بە تاوانەکانی کوشتن و هەوڵدان بۆ تێکدانی سەقامگیری و هەروەهاش ئەندامێتی لە ڕێکخراوی تێرۆریستیدا و چەند تاوانێکی تریش گوناهبار کراون.

دادپارێزی گشتی داوای سەپاندنی سزای زیندانیکردنی هەتا هەتاییەی کردووە بۆ هەر 46 گومانبارەکە.

ڕۆژی 28 ی مانگی شەشی ساڵی 2016 سێ گومانباری داعش بە چەکی ئۆتۆماتیکیەوە هێرشیان کردە سەر فڕۆکەخانەی ئەتاتورک لە شاری ئەستانبوڵ و پشتێنە بۆمبییەکانیان تەقاندەوە.

لەو هێرشەدا 45 کەس کوژران و 163 کەسیش برینداربوون.

ئەو گومانبارانەش کە دەستگیرکراون دادگایی دەکرێن لەسەر ئەو هێرشە، شازدەیان خەڵکی ڕوسیان و ئەوانی تریش خەڵکی چەچان و ئەلجەزائیر و تونس و میسر و سوریان و وەک ئاژانسی دەنگ و باسی ئەنادۆڵیا دەڵێت خەڵکی تورکیاشی تیادایە.

تا ئێستا چوار کەس لە سەرجەم ئەو 46گومانبارانە ماون دەستگیر بکرێن.

XS
SM
MD
LG