Accessibility links

تورکیا: ئەگەر یەپەگە بەشداری شەڕی ڕەققە بکات ئەوا ئێمە بەشداری ناکەین


سەرۆکایەتی تورکیا دەڵێت وڵاتەکەی لە ڕزگارکردنی شاری ڕەققەی سوریا بەشداری ناکات ئەگەربێت و هێزەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) تیایدا بەشداری بکەن.

ئیبراهیم کەڵن گوتەبێژی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا لە چاوپـێـکەوتنێـکدا لەگەڵ کەناڵی TRT Haber ی فەرمی گوتی " دانوسـتاندنەکان هێشتا بەردەوامن و هیچ شتێـک بڕیاری لەسەر نەدراوە. هەڵوێستمان نەگۆڕە و هەمان هەڵوێستی جەرابلوس و مەنبج هەیە، ئەویش بەشداری لە ئۆپۆزسیۆنێـکدا ناکەین ئەگەربێت و پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) و یەپەگە تیایدا بەشداربن."

پاشان گوتی تورکیا پشـتیوانی لە ڕزگارکردنی ڕەققە و شارەکانی دیکەی سوریا لە داعش دەکات، بەڵام بە مەرج.

ئەم لێدوانەی ئیبراهیم کەڵن پاش ئەوە دێت کە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمەریکایی دوێنێ چوارشەممە ڕاپـۆرتێـکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا نووسیویەتی بە مەبەستی ڕزگارکردنی ڕەققە و ناوچەکانی دیکەی سوریا لە داعش، بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ئۆباما تاووتوێی ئەوە دەکات ئەمەریکا ڕاستەوخۆ چەک ڕادەستی هێزە کوردیـیەکانی سوریا بکات. بەڵام کاربەدەسـتانی کۆشـکی سـپی ئامادە نەبوون لەم بارەیەوە هیچ لێدوانێـک بدەن.

تورکیا یەپەگە بە بەشێـک لە پارتی کرێکارانی کوردسـتان ناودێردەکات و بە جێی مەترسی بۆ سەر وڵاتەکەی دەزانێت. بەڵام ئەمەریکا کە ڕابەرایەتی شەڕی دژی داعش دەکات، یەپەگە بە هێزێـکی گرنگ لە شەڕی دژی داعش دادەنێت.

XS
SM
MD
LG