وەزارەتی دارستانی تورکیا ڕایگەیاند تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە هەوڵی کوژاندنەوەی پێنج ئاگرکەوتنەوەی کێوی دەدەن لە پێنج پارێزگای تورکیادا، ئاگرەکەی ناوچەی ئیزمیر کە ڕۆژی پێنجشەممە کەوتەوە بە جۆرێک کەم بووەتەوە و ناوچەکانی دانیشتوان چیتر لە ژێر مەترسیدا نین.
وەزیری دارستانی تورکیا ئیبراهیم یوماکلی بە ڕۆژنامەنووسانی وت ئاگرەکەی ناوچەی کارسیکایای ئیزمیر بەهۆی ئاگرێکەوە بووە کە سێ کەس لە سەیرانێکدا کردوویانەتەوە و لە نزیک ناوچەیەکی دارستاندا بوون. وتیشی بەرپرسان هەوڵی دۆزینەوەی ئەو کەسانە دەدەن.
ڕۆژی هەینی ئاگرەکە لە ناوچەکانی دانیشتوان نزیک بووەوە، زیانی بە چەند ماڵ و دوکانێک گەیاند و خەڵکەکە ناچار بوون چۆڵی بکەن.
سەرۆکی شارەوانی ئیزمیر چەمیل توگای وتی 16 خانوو و 30 شوێنی کارکردن لە ناوچەیەکی پیشەسازی سوتاون، وەزارەتی تەندروستیش وتی 78 کەس بەهۆی ئاگرەکەوە زیانییان پێگەیشتووە.
وەزیری دارستانی تورکیا وتی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە هاوکات ڕووبەڕووی ئاگرکەوتنەوە کێوییەکانی پارێزگاکانی ئایدین و مانیسای ڕۆژئاوا و پارێزگاکانی بۆلو و کارابوکی باکوور بوونەتەوە.
بەڕێوبەرایەتی گشتی دارستان هۆشداریداوە لە مەترسی ئاگرکەوتنەوەی کێوی لە 12 پارێزگای باکوور و ڕۆژئاوای تورکیادا لە ماوەی 10 ڕۆژی داهاتوودا، ئەوەش بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و کەمی شێ و بای بەهێزەوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز