Accessibility links

سەرۆک ئەرکانی تورکیا لەگەڵ هاوتا ڕوسی و ئەمەریکییەکەی کۆدەبێتەوە


سەرۆک ئەرکانی تورکیا لەگەڵ هاوتا ڕوسی و ئەمەریکییەکەی لە هەرێمی ئەنتاڵیا کۆبوونەوە بۆ دروستکردنی هەماهەنگییەک لە سوریا و کاربەدەستێکیش وتی ئەنجامەکانی کۆبوونەوەکە هەموو وێنەکە دەگۆڕێت.

لە هەمان کاتدا سەرۆک وەزیرانی تورکیا بن عەلی یەڵدرم وتی پێویستە تورکیا و ئەمەریکا و ڕوسیا هەماهەنگییەک هەبێت لەنێوانیاندا بۆ پاککردنەوەی سوریا لە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان، هەروەها سەرۆک ئەرکانەکانی سوپاکانی سێ وڵاتەکە کاردەکەن بۆ ئەوەی شەڕ لەنێوان لایەنە جیاوەزەکاندا ڕوونەدات.

وتیشی وادیارە وڵاتە یەکگرتووەکان بۆ پاککردنەوەی شاری ڕەققە بەشداری بە یەکینەکانی پاراستنی گەل ( یەپەگە) دەکەن نەک تورکیا، لە هەمان کاتیشدا ئەمەریکا چەک دەدات بە یەکینەکانی پاراستنی گەل.

هەروەها وتی "ئەگەر ئەم ئەرکە بەو شێوەیە بەڕێوە بچێت ئەوا لەوانەیە کاربکاتە سەر پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەمەریکا چونکە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) ڕێکخراوێکی تیرۆریستین و ئێمە دڵنیایین لەوە."

هەروەها وتیشی ئەو ئەرکە سەربازییانەی تورکیا ئەنجامی دەدات هیچ سوودێکی نابێت بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ ئەمەریکا و ڕوسیادا.

شایەنی باسە ئەنقەرە بەبەردەوامی داوا لە وڵاتە یەکگرتووەکان دەکات ستراتیژی خۆی بۆ شەڕی داعش لە سوریا بگۆڕێت بەوەی کە واز لە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) بێنێت و پشت بە چەکدارەکانی سوپای سوریای ئازاد ببەستێت لە گرتنەوەی شاری ڕەققەدا.

لەلای خۆشییەوە کاپتن گرێگ هێکسی وتەبێژی جەنەڕاڵ جۆزێف دانفۆرد وتی دانفۆرد ئامادەی کۆبوونەوە سێ قۆڵییەکە بووە و هاوتا تورکیەکەی بانگهێشتی کردووە.

وتیشی سەرۆک ئەرکانەکان باسیان لە ئاسایشی عێراق و سوریا کردووە هەروەها باسیان لە گرنگی کارکردنی پێویست کردووە بۆ ئەوەی ڕووداو ڕوونەدات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG