Accessibility links

پەمپێۆ: سەرەڕای گرژییەکان تورکیا وەک هاوپەیمانێکی ئەمەریکا دەمێنێتەوە


وەزیری دەرەوەی تورکیاش گوتی هەر دوو وڵات بەرەو چارەسەری دەمەتەقەکان کار دەکەن.

بە گوێرەی ئاژانسی پەیامنێری ئاسۆشێتدپرێس لە سنگاپۆر سەڕەڕای بەرەوخراپتربوونی پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و تورکیا، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، مایک پەمپێۆ لە هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان شەمە گوتی دوو ولات وەک هاوپەیمانێكی جێگای ڕێز دەمێننەوە.

وەزیری دەرەوە لە پەراوێزی کۆبوونەوەیەکی ئاسایش لە سنگاپۆر گوتی کە دوو وڵات لە چوارچێوەی هاوپەیمانەتی و بابەتەکانی دیکەدا درێژە بە کارکردن دەدەن.

پەمپێۆ گوتی: "تورکیا هاوپەیمانێکی ناتۆیە کە ئەمەریکا مەبەستێتی بە هاوکاری یەکتر درێژە بە کارکردن بدەن."

ئەم حەوتوە، بەڕێوەبەرایەتی تڕامپ بە شێوەیەکی پێشترنەدیتراوە لە سەر مەسەلەی قەشە ئاندروو بڕانسن گەمارۆی خستە سەر دوو کاربەدەستی باڵای تورکیا. ئەو قشەیە هەروا لە بەندیخانەیە سەرەرای ئەوەی سەرۆک تڕامپ بەردەوام داوای ئازادکردنی ناوبراوی کردووە.

پەمپێۆ ڕۆژی هەینی لە گەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوش ئۆغلوو چاویان پێک کەوت و لە پشتی دەرگاکانی داخراو لە سەر چەندین بابەت دوان کە دەڵێت وتووێژەکان "کارەساز" بوون.

ئەو گوتی: "ڕوونم کردەوە کە قەشە برانس دەبوایە پێشتر ئازاد کرابا و ڕێگای پێ بدرێت بگەڕێتەوە ئەمەریکا کە چەندین کارمەندی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاش دەگرنەوە. هیوادارم کە لە ڕۆژانی دابێت ئێمە ببینین ئەوە ڕووبدات."

پەمپێۆ ئاگایی دا کە "ئاستەنگێکی زۆریان" لە گەڵ تورکیا هەیە، بەڵام گوتی واشنگتن و ئانکارا لە توانایان دابووە لە نزیکەوە و بە باشی کار لە گەڵ یەکتر بکەن. گوتیشی لە سەر گەلێک بابەتان لە گەڵ تورکیا هاودەنگ نەبوونە لە نێویان دا کرداری لەشکری تورکیا لە باکوری سوریا و پلانەکانی تورکیا بۆ کڕینی سیستمی پێشکەوتووی بەرگری ئاسمانی لە ڕووسیا.

چاوش ئۆغڵوو لە دەمێکدا دوای کۆبوونەوەی لە گەڵ پەمپێۆ بۆ ڕۆژنامەنوسان دەدوا، وتووێژەکانی بە "زۆر کارساز" زانی و گوتی هەر دوو وڵات بەرەو چارەسەری دەمەتەقەکان کار دەکەن. بەڵام گوتی هەڕەشەکان کارساز نابن. ئەو گوتی، "بە ئەوان [ئەمەریکا] مان گوتوە کە هیچ شتێک لە ڕێگای زمانی هەڕەشە و گەمارۆکان وەدەست نایە و باوەڕمان وایە کە ئەوان لە ئەمە تێگەیشتوونە."

قەشە بڕانسن لە مانگی ١٢ی ساڵی ٢٠١٦ەوە بە تاوانی پێوەندیدار بە تێرۆر و سیخوڕی گیراوە لە سەردەمێکدا کە هەوڵی کودتایەک لە تورکیادا سەرنەکەوت.

XS
SM
MD
LG