وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوش ئۆغلۆ وتی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ بە سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگانی وتووە واشنتن کار لەسەر ڕادەستکردنەوەی کەسایەتی ئاینی تورکی فەتحوڵا گولەن دەکات کە ئەنکەرە تۆمەتباری کردووە بە تۆمەتی پلانگێڕان بۆ کودەتا سەرنەکەوتووەکەی ساڵی 2016 ی تورکیا.
چاوش ئۆغلۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە دەوحە وتی " لە ئەرجەنتین سەرۆک ترامپ بە ئەردۆگانی وتووە کار لەسەر ڕادەستکردنەوەی گولەن و ئەوانی دیکە دەکەن."
جێی ئاماژەیە تورکیا ماوەیەکی زۆرە هەوڵدەدات ئەمەریکا گولەن ڕادەست بکاتەوە کە نزیکەی بیست ساڵە لە ئەمەریکا دەژی. گولەن هاوپەیمانی ئەردۆگان بوو بەڵام بەرپرسانی تورکیا بە تۆمەتی پلانگێڕان بۆ کودەتا سەرنەکەوتووەکەی تورکیا تۆمەتباریان کردووە.
لەلای خۆیەوە فەتحوڵا گولەن ڕەتی دەکاتەوە پەیوەندیی هەبێت بە هەوڵی کودەتاکەوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز